نووری مالیکی دژی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبییه‌

داوای مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ ده‌كات وه‌كو دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ

K24 - هه‌ولێر:

نووری مالیكی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دژایه‌تی خۆی بۆ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی راگه‌یاند و له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ چه‌كدارانه‌دا نییه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان عێراق.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی سۆمه‌ریه‌ نیوزی عێراقی، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، دژی بیرۆکەی هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی و تێکەڵاوکردنی بە هێزە ئەمنییەکانی عێراقە و لەگەڵ ئەوەدایە حەشد وەك دامەزراوەیەکی سەربازی جیا لە هێزە ئەمنییەکانی دیکە بمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 35 هەزار چەکداری سوننە لەنێو حەشدی شەعبیدان.

ماوەیەک لەمەوبەر، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنەوە و تێکەڵاوی هێزە ئەمنییەکان بکرێن.

حه‌شدی شه‌عبی، به‌ فه‌توای مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق، ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی له‌ ساڵی 2014 پێكهێنرا، ئه‌وه‌ش دوای هێرش و په‌لاماره‌كانی داعش هات، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سوپای عێراق كه‌وت و نه‌یتوانی به‌ره‌نگاری چه‌كدارانی رێكخراوه‌ ببێته‌وه‌.

ئ. م