پۆلیسی توركیا ھێرشی كردە سەر پەرلەمانتارانی ھەدەپە

ناڕەزایی دژی دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكان دەردەبڕن

K24 - دیاربەكر

كەمێك پێش ئێستا لە شاری دیاربەكری باكووری كوردستان، پۆلیسی توركیا ھێرشی كردە سەر پەرلەمانتارانی ھەدەپە.

سەزای تەمەللی، ھاوسەرۆكی ھەدەپە و ژمارەیەك پەرلەمانتارانی ئەو حزبە وەك ناڕەزایی دژی بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكانی دیاربەكر و مێردین و وان لە شاری دیاربەكر گردبوونەوە و بۆماوەیەك لەلایەن پۆلیسی توركیا گەمارۆدران، دواتر بەربەستی پۆلیسیان شكاند و گرژیی و ئاڵۆزی كەوتە نێوان پۆلیس و پەرلەمانتارانی ھەدەپە.

پەیامنێری كوردستان24 لە دیاربەكر رایگەیاند: "دوای دروستبوونی گرژیی و ئاڵۆزیی، ھێزەكانی پۆلیسی توركیا ھێرشیان كردە سەر چەند پەرلەمانتارێكی ھەدەپە".

دوێنێ دووشەممە 19/8/2019، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا، بیانووی ئەندامێتییان لە پەكەكە و بانگەشەكردن بۆ تیرۆر و بوونی چەند دۆسیەیەكی لێپرسینەوە، ھەر یەك لە عەدنان سەلجوق میزراقلی، سەرۆكی شارەوانی دیاربەكر، ئەحمەد تورك، سەرۆكی شارەوانی مێردین، بەدیعە ئۆزگوگچە ئەرتان، سەرۆكی شارەوانی وان- لە كارەكانیان دوورخرانەوە، پارێزگاری ئەو سێ شارەش لە شوێنیان وەك قەیوم دەستبەكار بوون.

ھ.م