خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدر نەجەف خوێناویی دەکات

چەندین خۆپیشاندەر لە نەجەف کوژران

K24 – هه‌ولێر:

لە خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردووی لایەنگرانی سەدر بۆ سەر مۆڵێک لە شاری نەجەف، چوار خۆپیشاندەر كوژران و 17 كەسی دیكەش بریندار بوون.

سەدان كەس لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، خۆپیشاندانێكیان لە ناوەڕاستی شاری نەجەف ئەنجام دا، خۆپیشاندانەكە توندوتیژی لێ كەوتەوە و بە ھۆیەوە، چوار خۆپیشاندەر كوژران و 17 كەسی دیكەش بریندار بوون، مۆڵێكی گەورەش بە ناوی بەشیر، بە تەواوی سووتا.

ھێزە ئەمنییەكانی شارەکە تاکو ئێستا دەستگیركردنی پێنج كەسیان راگەیاندووە، كە تەقەیان بەرەو ڕووی خۆپیشاندەران كردبوو. 

لەبەرامبەریشدا لە راگەیەندراوێكی رەوتی سەدردا ھاتووە، تەقەكردنی پاسەوانانی گەندەڵكاران لە خۆپیشاندەران، تاوانێكە لێخۆشبوونی بۆ نییە.

پێشتر سەدر داوای لە لایەنگرانی كردبوو، دەست بە سزادانی ئەو گەندەڵكارانە بكەن، كە پێشتر، یان ئێستا سەربە رەوتی سەدرن.

H.J