کۆگاکانی ئێران پڕبوون لە نەوتی نەفرۆشراو

کڕیارانی نەوتی ئێران تا دێت کەم دەکەن

K24 – هه‌ولێر:

دامەزراوەی نەوتی كایرۆس بڵاویکردەوە، بەھۆی سزاكانی ئەمەریكا، ئاستی نەوتی یەدەگكراو لە كێڵگە نەوتییە وشكایی و دەریاییەکاندا زیادیكردووە.

بەھۆی سزاكانی ئەمەریكا بۆسەر كەرتی نەوتی ئێران و راگرتنی ھەناردەی نەوت، ئاستی یەدەگی نەوتی ئێران لە كۆگاكان زیادیكردووە و حكوومەتی ئێرانیش ژێرخانێكی بنەڕەتی نییە بۆ ئەوەی بتوانێت سوود لە نەوتەكەی وەربگرێت، ئەمەش تێچووی ئەو نەوتە لەسەر ئێراندا زیادتر دەبێت.

دامەزراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئاستی نەوتی كۆگاكراوی وشكایی گەیشتووەتە سەرووی 46 ملیۆن بەرمیل و ئەمەش بەرزترین ئاستی لەماوەی شەش مانگی رابردوودا، ھەروەھا 16 كەشتی نەوتی كە بڕی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتیان ھەڵگرتووە، ماوەی دوو ھەفتەیە لەبەندەرەكان راگیراون و جولەیان پێنەكراوە.

لەگەڵ سزاكانی ئەمریكا بۆسەر كارتی نەوت ، ئاستی ھەناردەی نەوتی ئێران بۆ 500 ھەزار بەرمیل رۆژانە كەمیكردووە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردووش، تورکیا و هیندستان هاوردەکردنی نەوتی ئێرانیان بە تەواوی راگرت.

 H.J