ئه‌ردۆغان كاتی گه‌یشتنی ئێس-400 بۆ توركیا ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا پێشبینی ده‌كات، ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو، سیستمی به‌رگریی ئاسمانی ئێس - 400ـی رووسی بگاته توركیا.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 16/6/2019، سه‌رۆك كۆماری توركیا، له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له تاجیكستانه‌وه بۆ توركیا له‌ناو فڕۆكه‌كه‌یدا به رۆژنامه‌وانانی راگه‌یاند:"پێموایه هاتنی سیستمه مووشه‌كییه‌كه له ناوه‌ڕاستی مانگی ته‌مووزی داهاتوو ده‌ستپێبكات. گفتوگۆمان له‌سه‌ر بابه‌تی ئێس - 400 كردووه له‌گه‌ڵ رووسیا و پرسی سیتمه به‌رگرییه‌كه چاره‌سه‌ر بووه".
ئه‌ردۆغان پێداگریی كرد و گووتی: "ئه‌نقه‌ره نایه‌وێت له رێككه‌وتنی كڕینی سیستمی به‌رگریی ئاسمانی رووسی بكشێته‌وه، به‌ڵگه‌نامه‌مان واژۆ كردووه و ئه‌و پرۆسه‌یه كۆتایی پێده‌ھێنین و رووسیا له چوارچێوه‌ی قه‌رزه‌كاندا ئاسانكاریی جیاجیای بۆ كردووین، قه‌رزی به شێوه‌یه‌ك داوه پێمان له بازاڕی نێوده‌وڵه‌تیدا هاوشێوه‌ی نییه".
سه‌رۆك كۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وه‌زیری به‌رگریی توركیا ئاماده‌كاریی بۆ ناردنی نامه‌یه‌ك بۆ پاتریك شاهان، هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی واشنتن كه پرۆگرامی فڕۆكه‌وانه‌كانی توركیای له مه‌شقكردن له‌سه‌ر فڕۆكه‌ی ئه‌مه‌ریكی له جۆری F-35 هه‌ڵپه‌ساردووه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی كڕینی سیستمی مووشه‌كیی ئێس - 400ـی رووسی بووه. پێده‌چێت هه‌فته‌ی داهاتوو یان له نزیكترین كاتدا ئه‌و نامه‌یه ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا بكرێت.