هەرێم و بەغدا لەسەر بودجە و نەوت رێککەوتن

هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە رێککەوتن

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکوومەتی هەرێم و بەغدا لەبارەی پرسەکانی نەوت، قەرزەکان و بودجە رێککەوتن.

ئاوات شێخ جەناب لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ شاندی هەرێم بۆ بەغدا رایگەیاند، توانیمان رێککەوتن لەسەر نەوت بکەین و رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ دەکەین. هه‌روه‌ها توانیمان لەبارەی قەرزەکان، بگەینە لێکتێگەیشتنێک.

روونیشکردەوە، ئەگەر به‌غدا رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ بكات کێشەی مووچە نامێنێت. حکوومەتیش لە دانەوەی مووچەی فەرمانبەران بەرپرسیارە. چونكه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 8 مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و 12 مووچه‌ی خانه‌نشینان قه‌رزاره‌.

وه‌زیری دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێشتر بڕیاری بڕینی بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان سیاسی بووه‌ و بۆ بوودجه‌ی ساڵی 2020ـیش ئێستا تۆپه‌كه‌ له‌ گۆڕەپانی په‌رله‌مانی عێراقه‌ و ئێمه‌ وه‌ك شاندی دانووستانكاری حكوومه‌ت كاره‌كانمان ته‌واوكردووه‌ و ئه‌ركی نوێنه‌رانی كورده‌ له‌ به‌غدا له‌ كاتی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بوودجه‌ به‌رگریی له‌ مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن و بیچه‌سپێنن.

وه‌زیری دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دانووستانه‌كانی ئه‌مجاره‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولا كراوه‌.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق له‌ ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ و دانووستانیان له‌باره‌ی پرسی بودجه‌ و نه‌وت و قه‌رزه‌كان ئه‌نجامدابوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بودجه‌ی ساڵی 2020ـی عێراق كێشه‌ی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ و ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆی بكات چاره‌سه‌ر بكرێت و به‌ گفتوگۆ و دانووستان كێشه‌ هةڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق چاره‌سه‌ر بكرێت.

بۆ یه‌كه‌مجار مانگی شوباتی ساڵی 2014 حكوومه‌تی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی نووری مالیكی به‌ بڕیارێكی سیاسی پشكی هه‌رێمی له‌ بودجه‌ و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بڕی.

هه‌روه‌ها له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا بودجه‌ و موچه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان نه‌دا، له‌ كاتێكدا چه‌ندین ساڵ له‌ شه‌ڕێكی سه‌ختدا بوون له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش و هه‌زاره‌ها شه‌هید و برینداریان به‌خشی.