چوار ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی کۆبانێدا تێپەڕ دەبێت
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ 25/06/2019 چوار ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی داعش لە کۆبانێ تێدەپەڕێت، چەکدارانی داعش لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ساڵی 2015 هێرشیان کردە سەر خەڵکی کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری.
لە ئەنجامی هێرشی داعش بۆ ئەو ناوچەیە، نزیکەی 400 کەس شەهیدبوون و زیاتر لە 250 کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمەش بە گەورەترین کۆمەڵکوژی لە رۆژئاوای کوردستان دادەنرێت.
لەو رۆژەدا، 80 چەکداریی داعش، جلوبەرگی یەکینەکانی پارستنی گەلیان (یەپەگە) پۆشیبوو و توانیان خاڵە پشکنینەکان ببڕن و لە بەرە بەیانێکی رۆژێکی رەمەزاندا، بچنە ناو کۆبانێ.
لەگەڵ گەیشتنیان بە شارەکە، بەبێ دەنگی، دەستیان کرد بە شەهید کردنی هاووڵاتیان و رۆژێکی خوێناوییان کردە مێژووی ئەو شارەی رۆژئاوای کوردستان، بەجۆرێک، لە ماوەیەکی کەمدا، سەری 40 منداڵیان بڕی.
دوای سەربڕین و شەهیدکردنی سەدان هاووڵاتی بێ تاوانی کورد، توانرا تەواوی چەکدارەکانی داعش بکوژرێن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی یەپەگە لەو کاتەدا، 35 ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەلیش لە رووبەڕووبوونەوەکان گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش بەرینداربوون.
H.j