ھەڵەبجە دەبێتە خاوەن ئاماری خۆی

بەڕێوەبەرایەتی ئامار لە ھەڵەبجە دەكرێتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

بڕیارە لەئایندەیەکی نزیکدا بەڕێوبەرایەی ئامار لە پارێزگای هەڵەبجە بکرێتەوە، ئەمەش بەپێی بڕیارێکی وەزیری پلاندانان کە لە چەند رۆژی رابردودا دەریکردوە. تائێستا ئاماری پارێزگای هەڵەبجە سەر بە بەڕێوبەرایەتی ئاماری سلێمانییە و هیچ ئامارێکی تایبەت بەخۆی نییە.

لەگەڵ بوونی بە پارێزگا چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی سەر بە حکومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لە ھەڵەبجە كرانەوە، لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاردرا كە بەڕێوەبەرایەتی ئاماریش لە پارێزگای ھەڵەبجە بكرێتەوە، بەبڕوای شارەزایان و چالاکوانەکانی ئەم شارە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ هەڵەبجە بەڕێوبەرایەتی ئاماری تایبەت بەخۆی هەبێت.

تائێستا چوار بەڕێوبەرایەتی گشتی ماوە بگەڕێندرێنەوە ھەڵەبجە، ئەوانیش بریتین لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبا و گەشتوگوزار و مین و ئامار. بە گەڕاندنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیانە، چیتر خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە پێویستیان بەوە نابێ بۆ هەر کارێک سەردانی پارێزگای سلێمانی بکە.

ھ.م