دوای 35 ساڵ شەڕی چەكداریی پەكەكە فراوانتر دەبێت

چەند جارێك پرۆسەی ئاشتی لەبارچووە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ 35 ساڵ بەسەر شەڕی چەكداریی پەكەكە دژی حكوومەتی توركیا تێدەپەڕێت، پەكەكە لە ئاگربەستی ساڵی 1993 و لە كاتی پرۆسەی چارەسەری نزیكی ئاشتی بووەوە، كە شەڕی چەكداریی كۆتایی بێت، بەڵام پرۆسەكە سەركەوتوو نەبوو، ئێستا شەڕی چەكداری پەكەكە بەرامبەر حكوومەتی توركیا فراوانتر بووە و گەیشتووەتە نێو سنوورەكانی عێراق و سووریا. لە ھەڕەشە و لێدوانەكانی لایەنەكاندا وا دەخوێندرێتەوە، شەڕی 35 ساڵەی نێوانیان بەردەوام دەبێت.

لە 15/8/1984 لە شارۆچكەی دھێ و شەمزینان، پەكەكە دژی دەوڵەتی توركیا دەستی بە شەڕی چەكداریی كرد و 35 ساڵە شەڕەكە بەردەوامە.

لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، ھەوڵەكان بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا دەستی پێكرد، تورگوت ئۆزال، سەرۆك كۆماری ئەوكاتی توركیا، لە رێگەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، داوای ئاگربەستی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكە كرد، ئۆجەلان لە نەورۆزی ساڵی 1993، ئاگربەستی لەگەڵ توركیا راگەیاند و شەڕ لەنێوان گەریلاكانی پەكەكە و سوپای توركیا راگیرا. دوای مانگێك لە ئاگربەست، تورگوت ئۆزال بە ھۆكارێكی نادیار لە ئەنقەرە كۆچی دواییكرد، لەوكاتەشدا پرۆسەی ئاشتی لەبارچوو. دواتر لە 24ی گوڵانی ھەمان ساڵ، پەكەكە 33 سەربازی توركیای كوشت، ئەمەش وایكرد جارێكی دیكە شەڕی چەكداریی دەست پێبكاتەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە 15 شوباتی 1999، لە پرۆسەیەکی ھەواڵگریدا، لە کینیا دەستگیر کرا و بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا، لە لایەن رفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە و لە دوورگەی ئیمڕاڵی بەند كرا. لە كاتی دەستگیركردنی، ئۆجەلان ئامادەیی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی دەربڕی و داوای ئاشتی لە پەكەكە كرد و پەكەكە ھێزەكانی لە سنوورەكانی توركیا كشاندەوە و ئاگربەستی یەكلایەنەی راگەیاند و 5 ساڵ ئاگربەست بەردەوام بوو. پاشان لە 1ی حوزەیرانی 2004، پەكەكە كۆتایی بە ئاگربەست هێنا و شەڕ دەستیپێكردەوە.

ھەوڵەكان بەردەوام بوون بۆ پرۆسەی ئاشتی لە نێوان توركیا و پەكەكە، لە ساڵی 2009 حكوومەتی تورکیا، ئەنجامدانی ھەندێك چاکسازیی لە سیاسەتی خۆی راگەیاند، ئەمەش بە دەروازەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە قەڵەم درا.

لە ساڵی 2012، بەرپرسانی دەزگای ھەواڵگری توركیا (میت) و بەرپرسانی پەكەكە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج كۆبوونەوە. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، لە 28/12/2012، ئاشكرای كرد، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان گفتوگۆیان كردووە، ئەو لێدوانەی ئەردۆغان رۆژەڤی توركیا ھەژاند و رای گشتی توركیا لەوە ئاگاداربوونەوە كە پرۆسەی ئاشتی لەنێوان توركیا و پەكەكە لە ئارادایە.

لە نەورۆزی 2013، عەبدوڵڵا ئۆجەلان جارێكی دیكە داوای لە پەكەكە كرد ھێزەكانیان لە سنوورەكانی توركیا بكێشنەوە، لەسەر داوای ئۆجەلان پەكەكە ئاگربەستی راگەیاند و بە كشاندنەوەی ھێزەكانیان لە سنوورەكانی توركیا قایل بوو. دوای دوو ساڵ، شاندی ئیمرالی و شاندی حكوومەتی توركیا دەستیان بە گفتوگۆ كرد و دواتر پەیامێكی 10 خاڵیان راگەیاند و عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند، دەبێ پەكەكە چەك دابنێ. لە پەیامێكدا بەبۆنەی نەورۆزی ساڵی 2015 رێبەری پەكەكە ئاماژەی بەوەكرد، سەردەمی شەڕی چەكداریی بەسەرچووە، دەبێ پەكەكە كۆنگرەیەك بۆ چەك دانان ببەستێ، بەڵام پەكەكە ئەوەی خستەڕوو كە توركیا پابەندی پرۆسەكە نابێت داواكەی ئۆجەلانیان جێبەجێ نەكرد.

لە 11ی تەممووزی ھەمان ساڵ جارێكی دیكە پرۆسەی ئاشتی كۆتایی پێ ھات و دواتر لە ناوچەی پرسووسی باكووری كوردستان شەڕ دەستیپێكردەوە. دواتر پەكەكە رووی كردە سنوورەكانی عێراق و سووریا و شەڕ كەوتە نێوان سنووری ئەو دوو وڵاتە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، چەند رۆژێك لەمەبەر لە دوا پەیامدا داوای لە توركیا كرد كە ئەو دەتوانێت كۆتایی بە شەڕ بێنێت، بەڵام توركیا لەوكاتەدا ھەڕەشەی ھێرشكردنە سەر رۆژھەڵاتی فوراتی کرد، لای خۆیەوە پەكەكە ئامادەكاری بۆ شەڕ دەكات و جەمیل بایك ھاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە لێدوانێكدا دەڵێت، شەڕێكی گەورە لە ناوچەکە ھەڵدەگیرسێت و داوا لە كوردانی رۆژئاوای كوردستان دەكات خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھێرشەكانی توركیا ئامادە بكەن.

ھ.م