دەشنێ موراد خەریكی كاری خێرخوازییە

"كارێكی پیرۆزە ئەگەر بتوانین بیكەین"
kurdistan24.net

K24 - رواندز

خانمە ھونەرمەندی کورد دەشنێ موراد، لەپاڵ کاری ھونەری، کاری خێرخوازیش دەکات، ئەو خانمە ھونەرمەندە بە هەوڵو کۆششی خۆی 15 قوتابخانەی نۆژەنکردووەتەوە، لەدوایین کاری خێرخوازیشیدا قوتابخانەی زۆزکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رواندزی نۆژەنکردەوە و کەلوپەل و پێداویستی قوتابخانەشی بۆ منداڵانی قوتابخانەکە دابینکرد.

دەشنێ بە كوردستان24 گوت: "لە ماڵەوە ھەندێك جار بێ ئیش دەبم و دەگریم و دەڵێم، خۆزگە نەژیابام، چونكە ناخۆشی زۆر دەبینم وەك ھونەرمەند و ئافرەت و كوردێك، بەڵام كاتێك كارێكی خێرخوازی دەكەم ھەست بە دڵخۆشی دەكەم، ئەوە ئیشێكی پیرۆزە ئەگەر بتوانین بیكەین، بەڵام ئەوەی ئیشی پیرۆز و گرنگ دەكات و قارەمانە تەنھا پێشمەرگەیە".