ئێران هه‌ڕه‌شه له ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران دووپاتیكرده‌وه، به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كی بچو‌وكیش بۆ سه‌ر خاكی كۆماری ئیسلامی، وڵاته‌كه‌ی وه‌ڵامێكی زۆر توندی ده‌بێت و گوتیشی: ئه‌و سیسته‌مه به‌رگرییه‌ی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه ئه‌مریكییه‌كه‌ی خسته‌خواره‌وه، درووستكراوی پوختی ئێرانه.
به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی ئێران، زه‌ریف رایگه‌یاند، "شانازی به خستنه‌خواره‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌ی ئه‌مریكا ده‌كه‌ین، كه سنووری ئاسمانی ئێمه‌ی به‌زاند"، دووپاتیشیكرده‌وه، "هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كی بچو‌وكیش بۆ سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌مان، له‌لایه‌ن هێزه چه‌كداره‌كانمانه‌وه رووبه‌ڕووی وه‌ڵامێكی توند ده‌بێته‌وه".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتی: "ئه‌و سیسته‌مه به‌رگرییه‌ی فڕۆكه ئه‌مریكییه‌كه‌ی خسته خواره‌وه، درووستكراوی پوختی ئێرانه".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران كاربه‌ڕێكه‌ری باڵیۆزخانه‌ی ئیماراتی له تاران بانگهێشتكرد، بۆ گه‌یاندنی ناڕه‌زایه‌تی كۆماری ئیسلامی به وڵاتی ئیمارات، به‌وه‌ی كه چۆن رێگه‌ی به‌و فڕۆكه ئه‌مریكییه‌ی داوه له‌ناو خاكه‌كه‌یه‌وه هه‌ڵفڕێت و سنووری ئێران ببه‌زێنێت.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران باڵیۆزی سویسرای بۆ هه‌مان مه‌به‌ست بانگ‌كرد، به‌وه‌ی كه باڵیۆزخانه‌ی سویسرا له ئێران نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات.
موحسین بهارفاند، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری ئه‌مریكا له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران به ماركۆس لیتنز، باڵیۆزی سویسرای له تاران گوتووه، وڵاته‌كه‌ی "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوول ناكات وڵاتێكی دیكه كارئاسانی بۆ هێزه بیانییه‌كان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی سنووری ئاوی، وشكانی و ئاسمانی ئێران ببه‌زێنن".
دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانی ئه‌مریكی راگه‌یاند، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه پێشتر بڕیاریدابوو له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكه‌یه پێگه‌كانی ئێران بكاته ئامانج، له بڕیاره‌كه‌ی پاشگه‌زبووه‌وه و دووپاتیكرده‌وه، واشنتن سزای نوێ به‌سه‌ر تاران‌دا ده‌سه‌پێنێت، تا ئه‌و كاته‌ی ملكه‌چی رێككه‌وتنێكی دیكه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌بێت، ئێرانیش به‌رده‌وام ره‌تی ده‌كاته‌وه بێته ژێر باری ئه‌و فشارانه‌ی ئه‌مریكا.
H.B