مه‌سرور بارزانی و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی قه‌ته‌ر كۆده‌بنه‌وه‌

پرسه‌كانی ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی، پێشوازی له‌ شاندی باڵای قه‌ته‌ر، به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئالسانی كرد.

بڕیاره‌ هه‌ردوولا له‌ باره‌ی پرسه‌ جێبایه‌خه‌كانی نێوان هه‌ولێر و ده‌وحه‌ و تاوتوێكردنی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و رێگه‌كانی هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان گفتوگۆ بكه‌ن.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر، "محەمەد عەبدولرەحمان ئالسانی" گه‌یشته‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر، هه‌ریه‌ك جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، قوباد تاڵه‌بانی و سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم فه‌وزی هه‌ریری، وه‌زیری ناوخۆ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت، ئومێد سه‌باح و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ سه‌فین دزه‌یی پێشوازیان لێكرد. 

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه‌:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/1/15 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کرد.

لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەیبوو، باردودۆخی عێراق و ناوچەکە تاوتوتوێ کرا و جەخت لە سەر ئارامکردنەوەی دۆخی عێراق و نەهێشتنی گرژی لە ناوچە کرایەوە .

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە دەیەوێ گرنگی بە هەموو کەرتەکان بدات و ئابووری هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکات ، هەروەها لە رێگەی ئاسانکاری پێویستەوە، پەرە بە وەبەرهێنانی ناوخۆ و دەرەکی بدات.

جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، ستایشی سەقامگیریی ئاسایش و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەتایبەتی لە بواری بازرگانی دەبڕی، لەمبارەیەوە گوتی دەرفەتێکی باش هەیە بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان و هاتنی وەبەرهێنەرە قەتەرییەکان بۆ هەرێمی کوردستان .