ناكۆكی نێوان وڵاتان خەڵك برسی دەكات

فاو: 41 وڵات پێویستیان بە ھاوكاریی دەرەكی خۆراك ھەیە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/0bef7db2-af39-4c3f-b974-84e270a0527b/092119CGK.ism/manifest

K24 - ھەولێر

رێكخراوی فاو رایدەگەیەنێت، ناكۆكییەكانی نێوان وڵاتان، برسیبوونی خەڵكی لێكەوتووەتەوە بەجۆرێك 41 وڵات لە جیھاندا ھەن كە پێویستان بە ھاوكاری دەرەكی خۆراك ھەیە و رۆژ بە رۆژ دۆخیان خراپتر دەبێت.

عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە ژمارەی كەسانی برسی تێدا تا دێت زیاد دەبێت بەھۆی ئەوەی كە پارەی پێویست بۆ دابینكردنی خۆراك تەرخان ناكرێت، رێكخراوەكە دەشڵێت "مەترسییەكان لە زیادبووندان و پێویستە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر تا ئەوە دۆخە كۆنترۆڵبكرێت".

بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی  فاو 41 وڵات ھەن لە جیھاندا پێویستیان بە ھاوكاری دەرەكی خۆراك ھەیە، ھۆكارەكەیشی بۆ ناكۆكییە دەرەكییەكان دەگەڕێتەوە، كە بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوەی ئاستەكانی نەبوونی ئاسایشی خۆراكی لێكەوتووەتەوە، ئەوە جگە لە ناجێگری كەش و ھەوا، 31 وڵات لە ئەفریقا ھەن لەماوەی ساڵی رابردوودا بۆ چەندین مانگی لەسەر یەك رووبەڕووی كەمی خۆراك بووەنەتەوە، ئەوەش كاریگەری نەرێنی لەسەر توانای دابینكردنی خۆراك بۆ ملیۆنەھا كەس دروستكردووە.

راپۆرەتەكە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو وڵاتانەی كە پێویستیان بە ھاوكاری دابینكردنی خۆراك ھەیە بریتین لە لیبیا،  ئەفغانستان، بەنگلادیش، سۆماڵ، یەمەن، سووریا و ڤەنزوێلا و عێراق كە كەمی پارەداركردن لەسەر  ھاوكاری مرۆیی و ناكۆكی ئەمنی ھەیە و چەندین وڵاتی دیكە.

ھەر بەپێی راپۆرتەكەی فاو، نیوەی 41 وڵاتەكەی كە ناویان لە راپۆرتەكەدا ھاتووە رووبەڕووی ناكۆكی تەواو بوون و ھەندێكیشیان دووچاری فشاری یەكجار زۆر بوونەتەوە لە رووی دابینكردنی سەرچاوەی جۆراوجۆر،  سەبارەت بە  ئەفغانستان 3 ملیۆن و 600 كەس بێ خۆراكن، ھەروەھا لە باشووری سوودان نزیكەی 6 ملیۆن و 350 ھەزار كەس رووبەرووی قەیرانی خۆراك بووونەتەوە، لە سووریاش سەرەڕای زیادبوونی بەرھەمھێنانی بەرھەمی گەنم لەمساڵدا، بەڵام ھێشتا نزیكەی 6 ملیۆن  و 500 ھەزار كەس رووبەڕووی كەمی خۆراك بوونەتەوە، جگە لەوەی كە 2 ملیۆن  و 500 ھەزار كەس ئەگەر بێت و پاڵپشتییان نەكرێ، ئەوە مەترسی نەبوونی ئاسایشی خۆراكیان لەسەر دەبێت.

لە ڤەنزوێلاش بەرزبوونەوەی ھەڵاوسان بووە ھۆكار، كە توانای كڕین لە نێوخۆ كەمببێتەوە و ڤەنزوێلاییەكان بە ئاسانی توانای كڕینی خۆراكیان نەمێنێت و بەگوێرەی راپۆرتەكە نزیكەی 4 ملیۆن و 300 ھەزار كەس وڵاتەكەیان جێھێشتووە و روویان لە وڵاتانی دراوسێ كردووە.

رێكخراوی فاو پێشبینی ئەوە دەكات، كە كۆی گشتی بەرھەمھێنانی گەنم لەمساڵدا بەبێ گۆڕانكاری بمێنێتەوە و لە ئاستەكانی 475 ملیۆن و 300 ھەزار تۆن بمێنێت، لەو وڵاتانەی لە كورتھێنانی خۆراكیان ھەیە و تەنانەت داھاتیان كەمە.

ھ.م