تره‌مپ له‌ كۆشكی سپی پێشوازی له‌ قه‌شه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ كرد

سه‌ردانی كۆشكی سپی كرد

K24 - هه‌ولێر:

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، پێشوازی له‌ قه‌شه‌ ئاندرو بره‌نسن كرد، كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 2 ساڵه‌ توركیا ده‌سته‌به‌سه‌ره‌ و دواتر ئازادكرا.

ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا، به‌ تۆمه‌تی تێوه‌گلان له‌ بزووتنه‌وه‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن و بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)، ئه‌و قه‌شه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌یان له‌ ساڵی 2016ه‌وه‌ ده‌ستگیركردبوو.

رۆژی 12ی ئۆكتۆبه‌ر، چواره‌مین دانیشتنی قه‌شه‌ بره‌نسن له‌ شاری ئیزمیر به‌ ڕێوه‌چوو، تێیدا دادگا بڕیار سێ ساڵ به‌ندكردنی به‌سه‌ر قه‌شه‌كه‌دا سه‌پاند، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی یاساكانی توركیا، هه‌ر كه‌سێك دوو ساڵ له‌ به‌ندیخانه‌ به‌سه‌ر ببات ئازاد ده‌كرێت، به‌و پێیه‌ی قه‌شه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ دوو ساڵ زیاتره‌ ده‌ستبه‌سه‌ره‌، یاساكه‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ كرا و ئازاد كرا.

له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به‌ كۆشكی سپی و پێشوازیكردنی له‌لایه‌ن تره‌مپه‌وه‌، قه‌شه‌كه‌ سوپاسی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ندامانی كۆنگرێسی كرد.

به‌ گوێره‌ی وێبسایتی سكای نیوز، دادگاییكردنی ئه‌و قشه‌یه‌ زیاتر له‌ سیناریۆ ده‌چێت، كه‌ دواجار چوار له‌ شایه‌تحاڵه‌كان، شایه‌تی خۆیان گۆڕیوه‌.

به‌هۆی ده‌ستگیركردنی ئه‌و قه‌شه‌یه‌ش، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا گرژی تێكه‌وتبوو، وه‌ك سكای نیوزیش ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، ره‌نگه‌ ئازادكردنی قه‌شه‌كه‌، هه‌وڵێكی ئه‌نقه‌ره‌ بێت بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ واشنتن.

ئ. م