بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی كه‌ركووك پارتی داواى یه‌كهه‌ڵوێستی دەکات

"نابێ لە پرسی کەرکووك ئۆپۆزسیۆن هەبێ"
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

پارتی داوادەکات لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و لایەنەکانی دەسەڵات هاودەنگ بن لە بارەی پرسی کەرکووکەوە ، ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دەڵێ، نابێ لە پرسی کەرکووك ئۆپۆزسیۆن هەبێ.

لەبارەی ئەزموونی رابردووشەوە، پارتی نکوڵی لەوە ناکات کە هەڵە و تێبینیان هەیە.

هاوکات ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلاميیش داوادەکات کابینەی نوێ و سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان کەرکووك بکەنە پرسی لە پیشینە بۆ خۆیان هۆشداریش دەدات گەر دۆخەکە بەردەوام بێت کەرکوک لەدەست دەچێت.

بڕیارە پرسی کەرکووك یەکێك بێ لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرسێك کە لە ماوەی رابردوودا زۆرترین قسەی لەسەرکراوە.

پارتی کە پێکهێنەری یەکەمی ئەو کابینەیەیە داوادەکات لە پرسی کەرکوکدا کۆدەنگی هەبێ و ناشیشارێتەوە کە تێبینیان لەسەر شێوازی ئیدارەدانی کەرکووك لە رابردوودا لەلایەن کوردەوە هەیە.

مەترسییەکان لەبارەی لەدەستچوونی کەرکووك وایکردووە تەنانەت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش داوا بکەن پرسی کەرکووك کاری لەپێشینەی کابینەی داهاتووی حکوومەت بێت.

ساڵانی رابردوو ناکۆکییەکانی ناو ماڵی کورد کاریگەريی نەرێنی لەسەر پرسی کەرکووك هەبووە، ئێستا شەقامی ئەو شارە لە چاوەڕوانی یەکدەنگی کورد و رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا بەو ئومێدەی کەرکووك ببێتەوە ئەو شارەی کە بۆ هەمووان بوو.

ئ. م