لەبارەی نیگەرانی ھاووڵاتیان لە پارەی ئاوی ماڵان روونكردنەوە دەدرێت

زۆربەی ھاووڵاتیان پابەندی رێنماییەكان بوونە

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر لەبارەی نیگەرانی ھاووڵاتیان لە ھاتنەوەی پارەی زۆری ئاوی ماڵان روونكردنەوە دەدات و دەڵێ، زۆربەی ھاووڵاتیان پابەندبوونە بە رێنماییەكان و ئەو كەسانەی گومانیشیان ھەیە دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو بكەن".

مەسعود كارەش، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنیدا گوتی: "خەرجكردنی ئاوی ھەندێك ماڵ ئەگەر بەراورد بكرێت لەگەڵ پارەكە زۆر نییە، چونكە ئێمە پێشتر ھاووڵاتیانمان ئاگادار كردبووە و رێنمایمان پێدابوون".

روونیكردەوە: "لە كۆی 860 ھەزار ھاووڵاتی 727 ھەزار كەس كەمتر لە 25 ھەزاریان بۆ ھاتووەتەوە، دەردەكەوێت كە زۆربەی ھاووڵاتیان رێنماییەكانیان جێبەجێ كردووە و چەند ئاویان خەرج كردووە ئەوەندە پارەیان بۆ ھاتووەتەوە".

گوتیشی: "ئەو كەسانەی كە پارەیان زۆر بۆ ھاتووەتەوە و گومانیان ھەیە دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكان بكەن، ئامانجی ئێمە تەنھا كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاوە، ئەمساڵ لە ھەولێر زۆر كەمە".

ئەمە دوای ئەوە دێت كە ژمارەیەكی زۆر ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان ناڕەزایەتیان دەربڕیووە بەرامبەر ئەو بڕە پارەی كە بۆیان ھاتووە و داوای بەدواداچوونیان كردووە.

ھ.م