"هێرشەکەی کۆیە پەیامێکە بۆ هەموو ئەو زلهێزانەی نەیاری ئێرانن"

"ئەوەی 2000 کیلۆمەتریش لێمان دووربێت دەیکەینە ئامانج"

K24- هه‌ولێر:

موحەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران، رایگەیاند هێرشەکانی 8ی ئەیلولی شاری کۆیە پەیامێکە بۆ گشت نەیارانی تاران لەناوچەکە، "بەوانەشەوە کە 2000 کیلۆمەتر" لە ئێرانەوە دوورن.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی سپۆتنیکی رووسی، جەعفەری لەبارەی هێرشی سەر دیموکراتەکانی کۆیە گوتوویەتی: "تۆڵەی سوپای پاسداران لە تیرۆرستان (ئێران پێشمەرگەکانی دیموکرات بە تیرۆرست ناودەبات) پەیامێکە بۆ هەموو ئەو زلهێزانەی کە دەیانەوێت پیلانگێڕی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن و هەراسانمان بکەن".

موحەمەد عەلی جەعفەری، هۆشداری هەمان چارەنووسی دیموکراتەکانی کۆیە دەداتە دوژمنەکانی، "ئەوانەی بە درێژای 2000 کیلۆمەتر لە دەوری ئێرانن و دەیانەوێت هێرشبکەنە سەر خاکی کۆماری ئیسلامی".

پێشتریش، محەمەد باقری، سوپاسالاری پاسداران، ئەمەریکای بە یارمەتیدانی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتبارکردبوو و داوای لە عێراق و هەرێمی کوردستانیشکرد، ئەندامانی پارتەکانی رۆژهەڵات رادەستی کۆماری ئیسلامی بکرێنەوە.

لەبارەی ئەو داوایەی ئێرانیش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە هیچ ئەندامێکی پارتەکانی رۆژهەڵات رادەستی کۆماری ئیسلامی بکاتەوە.

رۆژی شه‌ممه‌، 8ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2018، قه‌ڵای دیموكرات، كه‌ باره‌گا‌ی هه‌ردوو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستانی لێیه‌، له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ مووشه‌ك باران كرا‌، بەهۆیەوە 14 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستداو 40 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

‌H.j