پاسداران: بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەین

"تووشی هه‌ڵمه‌بن و دڵنیابن له‌ جه‌نگدا شكست ده‌هێنن

K24 - هه‌ولێر:

فەرماندەیەکی سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت: "هەژموونی ئێران بەسەر ناوچەکدا زاڵە و لە ئەگەری هەڵگیرساندنی شەڕ ئەمریکییەکان زەرەرمەند دەبن".

غوڵامعەلی رەشید، بەرپرسی بارەگای ناوەندی خاتەم ئەنبیای سوپای پاسداران بە ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە،  ئەوان لە جەنگ ناترسن و بۆ هەر ئەگەرێکیش ئامادەن.

غوڵامعەلی رەشید راشیگەیاندووە، هەژموونی ئێران بەسەر ناوچەکەدا زاڵە، هاوكات هۆشدارییش دەداتە ئەمریکا کە تووشی هەڵە نەبەن و خۆیان تووشی شەڕێك نەکەن کە تێدا شکست دەهێنن و زەرەرمەند دەبن.

رەشید دەشڵێت: "ئاسایشی گەرووی هورمز به‌ رێگەدان بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران گرێدراوه‌".

گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران گه‌یشتووه‌ته‌ لووتكه‌، ئه‌گه‌رچی به‌رپرسانی باڵای هه‌ردوولا ئه‌وه‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ شه‌ڕ له‌ دژی یه‌كدی رابگه‌یه‌نن، به‌ڵام تا ئێستا لێدوانه‌ تونده‌كانیان و جموجۆڵی سه‌ربازی هه‌ردوولایه‌ن له‌ ئاوه‌كانی كه‌نداو، به‌رده‌وامه‌.

ئ. م