پۆلیس وردەکاری کوژرانی کارمەندی بەنزینخانەکەی چەمچەماڵی ئاشکرا کرد
K24 – سلێمانی:
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژانەمەوانیدا وردەکاری کوشتنی کارمەندی بەنزینخانەکەی چەمچەماڵی ئاشکرا کرد.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: "چواری بەیانی تۆمەتبارەکە دەستگیر کراوە و دەستیش بەسەر دەمانچەکەیدا گیراوە".
راشیگەیاند: "ئەم تۆمەتبارە ماوەی مانگێکە لە چەمچەماڵە و لە ماڵی خزمێکی بووە. دەمانچەکەی بە 800 دۆلار کڕیوە و چەند جارێک چووەتە ئەو بەنزینخانەیە".
ئاشکراشیکرد: "شەوی رابردوو زانیویەتی بەنزینخانەکە چۆڵە بۆیە ئەو تاوانە گەورەیەی ئەنجامداوە".
ئاماژەی بەوەشدا، بکوژەکە دوای بریندارکردنی دوای قوربانییەکە کەوتووە و لە ژووری کارگێڕی بەنزینخاکەش تەقەی لێکردووە. دوای کوشتنی، پارەکەی لەدەست دەرهێناوە.
شەوی رابردوو، کەسێک دەچێتە بەنزینخانەیەکی شاری چەمچەماڵ و بۆ بڕێک پارە، کارمەندی بەنزینخانەکە کە تەمەنی 16 ساڵە دەکوژێت و پارەکەی دەستی دەدزێت. رووداوەکە کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس و خواسی زۆری لەسەرە.
H.J