گڵۆباس بلاتس هۆشداری لە رەوشی بەندەری ئوم قەسر دەدات

نزیکەی (100) بارهەڵگری نەوت چوونەتە بەندەرەکە

K24 – هه‌ولێر:

جارێکی دیکە بەندەری "ئوم قەسر" دەستی بەکارەکانی کردەوە و سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن نزیکەی (100) بارهەڵگری نەوت چوونەتە بەندەرەکە.

ئاژانسی "گڵۆبال بلاتس"ی ئەمه‌ریکی بۆ وزە رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لە عێراق، مەترسی هەیە لەسەر خستنەڕووی نەوتی جیهانی لە ئەگەری بەردەوامی داخرانی بەندەری "ئوم قەسر" لە باشووری پارێزگای بەسرە.

ئەو ئاژانسە ئەمه‌ریکییە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووە، سەرەڕای ئەو خۆپیشاندانە فراوانەی بەڕێوەدەچێت، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردن لە عێراق وەک خۆی بەردەوامە. بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن: دۆخەکە پێویستی بە چاودێری و توێژینەوە هەیە لە ئەگەری ئەوەی کێڵگە نەوتییەکان و بەندەرەکان دووچاری زیان ببنەوە بەهۆی هێرشی خۆپیشاندەران و هەڵکشان و گرژبوونی دۆخەکە.

هاوکات لە راپۆرتەکەی "گڵۆباڵ بلاتس"دا هاتووە کە پشتی بە داتاکانی دۆخی بەندەرەکانی عێراق بەستووە، هەناردەی نەوتی خاو لە بەندەرەکانی بەسرە وەستاوە لە کاتێکدا هەناردەی نەوتی وڵاتەکە (3.6) ملیۆن بەرمیلە رۆژانە.