كۆیه‌.. پۆلیس گومانی له‌ برینداركردنی بازرگانێك هه‌یه‌

450 هەزار دۆلار له‌ بازرگانێكی ئۆتۆمبێل ده‌سه‌نرێت

K24 - كۆیه‌:

هاووڵاتییەکی تەمەن 49 ساڵ بە ناوی (ف. ک. م)، کە بە گوتەی خۆی، بازرگانە و پێشانگای ئۆتۆمبێلی هەیە، لە سنووری قەزای کۆیە تەقەی لێ دەکرێ و بریندار دەکرێ، پۆلیسیش دەڵێت: "بە وتەی خۆی 450 هەزار دۆلاریشی لێ سەنراوە".

عەمید عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری پۆلیسی کۆیە بە کوردستان 24ی راگەیاند، ئەو کەسە کە بە گوتەی خۆی بازرگانە، لە دانپێدانانەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە سلێمانییەوە بەرەو هەولێر بەڕێوەبووە، بەڵام ئۆتۆمبێلێك دوای کەوتووە و ئەویش هەر لە ڕێگا کەسوکارەکەی لەوە ئاگادار کردۆتەوە.

دوای ئه‌وه‌ی گەیشتۆتە سنووری قەزای کۆیە، تەقەی لێ کراوە و فیشەکێك بەر سنگی كه‌وتووه‌ و باری تەندروستی تێكچووه‌، بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ریش، به‌ره‌و نەخۆشخانەکانی هەولێر به‌ڕێكراوه‌.

بە گوتەی بەڕێوبەری پۆلیسی کۆیە، ئەو کەسە بە تەنها بووە و زانیارییه‌كانیش ئەوانەن، کە لە خۆیەوە وەرگیراون، ئەوان تاکو ئێستا دڵنیا نین لە دروستیی زانیارییەکان.

پۆلیس ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، لەگەڵ ئەوەی دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و پەڕاوی لێکڵینەوەیان کردۆتەوە، بەڵام گومانی خۆیان لە رووداوەکە نەشاردەوە.

بەڕێوبەری پۆلیسی کۆیە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەو بازرگانە ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل بەرزی بە نرخێکی گران بەها پێبووە، لە رێگاش ئەوکاتەی بە گوتەی خۆی، کە دوای کەوتوون، چەندین گوند و ئاوەدانی هاتوونه‌تە سەر رێگا، بۆچی لاینەداوە و خەڵک ئاگادار بکاتەوە، تەنانەت بازگەی ئەمنی لە نزیکییەوە بووە، بەڵام ئەو لاینەداوە.

جەختی لەوەش کردەوە، هێزەکانیان ئێستا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.