سلێمانی.. كەسێك زیاتر لە 700 تەرمی بێ خاوەن بە خاک ده‌سپێرێت

تەرمە بێ خاوەنەکان دوای سێ مانگ مانەوە لە پزیشکی دادی بەخاک دەسپێردرێن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بۆ ماوەی 12‌ ساڵە لە شاری سلێمانی، كەسێك تەرمی ئەو كەسانە بە خاك دەسپێرێت، كە بە رووداوە جیاجیاكان گیان لە دەست دەدەن و ھیچ كەسێك نییە، بەخاکیان بسپێرێت. وەك ئەو كەسە دەڵێ، تا ئێستا زیاتر لە 700 تەرمی بێ خاوەنی بەخاک سپاردووە و لە كارەكەشی بەردەوام دەبێت.

عوسمان ساڵح، ئەنجوومەنی گۆڕستانەكانی سلێمانییە و چەند ساڵێكە تەرمە بێ خاوەنەكان بە خاك دەسپێرێت، ئەو بە كوردستان24ی گوت: "زۆر تەرم ھەیە ناونیشانیان دیارە و كەسوكاریان ھەیە، بەڵام كەس خۆی ناكات بە خاوەنی".

لە خوارووی گۆڕستانی گردی سەیوان، بە سەدان گۆڕی بێ ناونیشان ھەن، كه‌ جگە لە کێلێکی سپی و ژمارەیەکی سه‌ر كێله‌كه‌، ھیچی دیکەی لەسەر نییە و زۆرێکیش لەو گۆڕانە پوش و پەڵاشی دەیان ساڵ بێنازیی دایپۆشیون.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی له‌م باره‌یه‌وه‌ دەڵێ: "ئەو کەسانەی لە روووداوەكان لاشەکانیان دەشێوێت و ناناسرێنەوە، یان لە لایەن خانەوادەکانیانەوە بێبەش دەکرێن لە ھەڵگرتنی ناونیشانیان، لە دوای 3 مانگ مانەوەیان لە پزیشکی دادوەری، دواجار لەوێ بە خاک دەسپێردرێن".

ھ.م