سۆڵشایه‌ر به‌ بریارێك پۆگبا شۆك ده‌كات

پۆگبا به‌ره‌و لێواری داڕمان ده‌ڕوات

سۆلشایه‌ری راهێنه‌ری مانچێسته‌ر یونایتد ئه‌ركی لێدانی پێناڵتی له‌ پۆگبا وه‌رگرته‌وه‌ و یاریزانێكی دیكه‌ی وه‌ك بژارده‌ی یه‌كه‌م بۆ لێدانی پێناڵتی ده‌ستنیشان كرد.

دوای ئه‌وه‌ی له‌ یاری نێوان مانچێسته‌ر یوناتید و وێڵڤه‌رهامتن پۆگبا لێدانێكی پێناڵتی له‌ده‌ستدا، ئه‌مه‌ش توڕه‌بوونی سۆڵشایه‌ری به‌دوای خۆیدا هێنا.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی بریتانیا، له‌ دوای یارییه‌كه‌ سۆڵشایه‌ر له‌ ژووری جلگۆڕینی یاریزانان توڕه‌ بووه‌ و سه‌رزنشتی پۆگبا و راشفۆردی كردووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ كاتی یارییه‌كه‌ له‌سه‌ر لێدانی پێناڵتی مشتومڕی توندیان كردووه‌ و میدیاكان و هانده‌ران هه‌ستیان پێكردووه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ سۆڵشایه‌ر به‌ یاریزانه‌كانی گوتووه‌ كه‌ به‌هۆی ره‌فتاره‌كانیان هه‌ستی به‌ شه‌رمه‌زاری كردووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ سۆڵشایه‌ر بۆ یارییه‌كانی داهاتوو ماركۆس راشفۆردی وه‌ك بژارده‌ی یه‌كه‌م بۆ لێدانی پێناڵتی جێبه‌جێكردووه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوه‌تی هه‌ستێكی بێهوایی لای پۆگبا دروست كردووه‌، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن هانده‌رانیش به‌هۆی له‌ده‌ستدانی پێناڵتییه‌كه‌ رووبه‌ڕووی دروشمی ره‌گه‌زپه‌رستی بۆته‌وه‌.

پۆڵ پۆگبای ناوه‌راستكار فره‌نسا كه‌ له‌م هاوینه‌ زۆر نزیك بوو له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ریال مه‌درید بكات له‌ كۆی 9 لێدانی پێناڵتی 4 لێدانی له‌گه‌ڵ مانچێسته‌ر یونایتد له‌ده‌ستداوه‌.