کوردستان24 وردەکاریی پرۆسه‌ی دادگاییکردنی بکوژەکەی دلین بڵاودەکاتەوە

"دلینی 10 ساڵان رێگای نەداوە بکوژەکە دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەری"

K24 – دهۆک:

مەسعود محەمەد، پەیامنێری کوردستان24، لە دادگایی کردنی تۆمەتباری دۆسییەی کوشتنی دلین ئامادەبوو و وردەکاری دادگایی کردنەکە دەگێڕێتەوە.

هۆڵی دادگایکردنەکە

وەک ئەوەی پەیامنێری کوردستان24 بینیویەتی، لە دەرەوە و ناوەوەی دادگا، رێوشوێنی ئەمنی تووند گیراوه‌ته‌به‌ر. تەنیا لە هۆڵی بچووکی دادگایی کردنەکە، 24 پۆلیس و هێزی تایبەت چاودێریان دەکرد، ئەم ژمارە پۆلیسە، بە ئامادەبووانیشەوە، پەرۆش چاویان لە دەرگای هاتنە ژوورەوەی تۆمه‌تبار بڕیبوو.

تۆمه‌تبار هاتە ژوورەوە، نەعلێکی رەشی لە پێدابوو؛ پانتۆڵێکی خاکی و کراسێکی ناڕێکی پۆشیبوو، دوو کاتژمێر لەناو قەفەسێکدا بەرامبەر دادوەر وەستا، بێ ئەوەی وا خۆی نیشان بدات کە تاوانێکی ئەنجام داوە.

سەرەتا گەواهیدەرەکان قسەیان دەکرد، یەکەم کەس کە گەواهی دا، خاوەنی ئەو بێستانە بوو کە دلینی تێدا کوژرا، دواتر گووتە لە باوکی دلین و پاشانیش لە دایکی وەرگیرا. دایکی دلین، بە بینینی رووخساری تۆمەتبارەکە، فرمێسکی رژاند و رووی کردە تۆمه‌تباره‌كه‌ و پێی گووت: "بۆ نەتهێشت کچەکەم گەورە بێت، بۆ؟ بۆ؟".

دیمەنی تراژیدیای دایکی دلین، دڵی ئامادەبووانی توندکرد و زۆریان دەستیان کرد بە گریان، بە بەشێک لە پۆلیس و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانەوە.

لەگەڵ ئەم دیمەنە، برای بکوژ وەک گەواهیدەر بانگ کرا، دانی بەوەدانا کە براکەی دلینی کوشتووە و بکوژ خۆشی ئەم راستییەی باس کردووە.

دواتر داوا لە تۆمەتبارەکە کرا چۆنییەتی ئەنجامدانی رووداوەکە بگێڕێتەوە، ئەگەرچی سەرەتا گووتی کە زۆر سەرخۆش بووە و مەی مەستی کردووە، بەڵام دواتر دانی بە کوشتنی دلین دا نا.

چۆنیەتی کوژرانی دلین

لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا بکوژ گووتی: کچەکەم بردە ئەو شوێنە بۆ ئەوەی دەستدرێژی سێکسی بکەمە سەر، بەڵام کچەکە نەیهێشت و دەستی بە هاوارکردنێکی زۆر کرد، بۆیە منیش بە دارێک تووند لە ملیم دا، ئەمەش بووە هۆی بڕینی ملی و گیانی دەرچوو.

دوای ئەو دانپێدادانە، دادوەر بە بکوژەکەی گووت، پێش 15 ساڵ و لە هەمان ئەم دادگایە، تۆم  بە پێنج ساڵ و مانگێک زیندانی سزادا، تۆ رابردوویەکی پڕ تۆمەتت هەیە و تاوانگەلێکی زۆرت ئەنجام داوە.

دوای گفتۆگۆ و باس کردنی چۆنیەتی تاوانەکە و گێڕانەوەی، هەمووان چاوەڕوانی بڕیاری دادگابوون، پێش بڕیاردان، دادوەر پشوویەکی 10 خولەکی راگەیاند و دواتر هەمووان هاتنەوە ناو هۆڵی دادگایکردنەکە.

دادوەر سزای لە سێدارەنی بەسەر بکوژدا سەپاند؛ ئەمەش دڵی ئامادەبووانی بەجۆرێک خۆشکرد، پیرۆزباییان لە یەکدی دەکرد.

سەرۆک بارزانی: دلین کچی منیشە

دوای دادگایی کردنەکە، باوکی دلین بە کوردستان24ی راگەیاند، سەرۆک بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێی راگەیاندووە کە دلین کچی ئەویشە و بەڵێنی پێداوە کە تۆمەتباران بە سزای خۆیان بگەن.

راپۆرتی پزیشکیی

بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکیی کە لە ناو هۆڵی دادگا خوێندرایەوە، سەلمێنرا کە دەستدرێژی سێکسی نەکراوەتە سەر دلین.

 دیارنەمانی دلین

دلینی 10 ساڵان، لە رۆژی دووەمی جەژنی رەمەزانەوە و لە ناوەندی شاری دهۆك بێ سەروشوێن کرا، دوای سێ رۆژ لە دیارنەمانی، رۆژی 8ی ئەم مانگە، لە ناو چەمێکی نزیك لە یاریگای وەرزشی دهۆك، ته‌رمه‌كه‌ی دۆزرایەوە.

گومانه‌كان ئاڕاستەی‌ دوو برا كران

هەر لە سەرەتادا و بە گومانی ئەنجامدانی تاوانەکە، لەلایەن پۆلیسەوە دوو برا دەستگیرکران کە بە رەچەڵەک كوردن و پێشتر نیشته‌جێی شاری مووسڵ بوون‌.

دوای دۆزینه‌وه‌ی تەرمی دلین و دەرکەوتنی سەرەداوەکان، درەنگانی شەوی رووداوەکە، یەکێك لە دوو برا دەستگیرکراوەکان، دانی بە تاوانەکەی دانا و هەموو راستییەکانی درکاند.

تاوانباری سه‌ره‌كی

تاوانبارەکە کە تەمەنی 47 ساڵە و تێکەڵاویی لەگەڵ ماڵی قوربانییەکە هەیە، لە دووەم رۆژی جەژندا، داوا لە دلین دەکات لەگەڵی بڕوات بۆ شوێنێك کە گوایه‌ باوکی دلینی لێیە، تاوانبارەکە، بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاکسی کچەکە  لەگەڵ خۆی دەباتە نزیك یاریگای دهۆك کە دەکەوێتە ناوەندی شارەکە و دەوروپشتی چۆڵەوانی و باخ و چەمە.

دوای رفاندنی دلین بۆ شوێنه‌كه‌ و هه‌وڵدان بۆ ئازاردانی، دلینی 10 ساڵان بە دەنگێکی بەرزەوە هاوار دەکات، بۆیە تاوانبارەکەش بە دارێکی باریکی تیژ، بە توندی لە مل و گەردنی دەدات و ده‌یكوژێت، تەرمەکەشی لەوێ جێدەهێڵێت.

ده‌نگدانه‌وه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

هەواڵی بێسەروشوێنبوونی دلین، دەنگدانەوەیه‌کی زۆری لە تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بە دوای خۆیدا هێنا، بە تایبەت دوای بینینی تەرمەکەی و ئاشکرابوونی تاوانبارەکان.

هاوكات بەشێک لە رێكخراوه‌كانی پاراستنی مافی منداڵان، داوایان له‌ حكوومه‌ت، په‌رله‌مان، دادگا و داواكاری گشتی کرد، سزای تاوانبار له‌ سێداره‌دان بێت.

رێكخراوی ئه‌ستێره‌، تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی منداڵان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا گووتیان: "ئەم تاوانە قێزەونە، بەهۆی رفاندنی منداڵێكی تەمەن 10 ساڵان و دواتر كوشتن و شێواندنی جەستەی بچووكی، پێویستە بەزووترین كات سزای تاوانباران بە لە سێدارەدان بدرێت، نەك سزای زیندانیی و بە خێوكردنیان لە زیندانییە چاكسازییە پێنج ئەستێرەییەكان ".

تاوانبار پێشینه‌ی هه‌بووه‌

بە پێی بەدواداچوونی کوردستان24، تاوانبارەکە، پێشووتریش سەر و سەودای لەگەڵ تاوان هەبووە و چەندین تاوانی دیكه‌شی ئەنجامداوە، بە تایبەت ئەو کاتەی کە لە مووسڵ ژیاوە.

تاوانبارەکە لە دایکبووی 1972ی شاری مووسڵە و دوای نەمانی رژێمی بەعس و کەوتنی عێراق لە ساڵی 2003، ماڵیان لە مووسڵەوە دەگوازنەوە شاری دهۆك و لە یەکێك لە گەڕەکەکانی شارەکە نیشتەجێ دەبن، لەو شارەش دەست لە تاوان هەڵناگرێت و چەندین تاوانی دیكه‌ ئەنجام دەدات، هەر بەهۆی ئەو تاوانانەش چەند ساڵێک دەخرێتە زیندانەوە.

یەکێک لە تاوانە گەورەکانی، کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی بووە کە خوشكه‌كه‌ی تێوه‌گلاوه‌، دوای ئه‌وه‌ی خوشكه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ زیندان، تاوانباره‌كه‌ به‌ بیانووی بردنی خواردن و سه‌ردانیكردنی، دەچێتە زیندانی ئێتۆتی دهۆك و له‌وێش به‌ دزی ده‌مانچه‌یه‌ك ده‌باته‌ ژووره‌وه‌ و گوللـه‌یه‌ك لە خووشکەکەی دەدات و بە سەختی برینداری دەکات.

دوای ئەم رووداوه‌، دەستبەجێ لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت و حووکم دەدرێت، بەڵام دوای ماوەیه‌ك لە حووکمەکەی، بەر بڕیاری لێبوردنی گشتی دەکەوێت و ئازاد دەکرێت.

له‌ مادده‌ی هۆشبه‌ریش تێوه‌گلاوه‌

دوای ئازادکردنی لە زیندان، لە سەر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و  چەند کێشەیه‌کی دیكه‌، چەند جارێک لەلایەن پۆلیسەوە داوا دەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، تا دواجار لە جەژنی رەمەزاندا، دلینی 10 ساڵان دەڕفێنێت و بە دڕندانەترین شێوە ئازاری دەدات و ده‌یكوژێت.

به‌ گوێره‌ی زانیاریەکانی کوردستان24، دوای رووخانی رژێمی بەعس و دامەزراندنی فرقەی ئاڵتوونی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، تاوانبار پەیوەندی بەو هێزەوە کردووە و بۆ ماوەی چەند ساڵێك وەکو سەرباز لەگەڵیان بەردەوام بووە، بەڵام دواجار لەبەر کردەوە خراپەکانی لەوێش دەریان کردووە.

H.J