ھۆشداری لە ھاوردەكردنی شووتی ئێرانی دەدرێت

2 ھەزار تۆن شووتی گەڕێندراوەتەوە ئێران
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی:

ماوەیەکە ھۆشداری لەبارەی خراپی شووتی ھاوردەکراوی ئێرانی بە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەدرێت و داوایان لێدەکرێت لەکاتی کڕین و خواردنی ئەو جۆرە شووتییانە وریابن.

به‌ گوێره‌ی داتای گومرگه‌كانیش، لە پێنج مانگی رابردوو زیاتر لە دوو ھەزار تۆن شووتی ماوەبەسەرچوو لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی كوردستانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و گەڕێندراوەتەوە ئێران.

بەھۆی نەشیاوی لە قەبارە و جۆری شووتی، بەردەوام ھۆشداری لەبارەی ئەگەری توشبوون و ژەھراویبوون لەرێگەی خواردنی شووتی ئێرانی بە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەدرێت، ھاوکات چاودێرییەکانیش لەسەر شووتی ئێرانی لە بازاڕەکان چڕکراونەتەوە.

لەگەڵ ھاتنی  وەرزی  پێگەیشتە  بەروبوومی خۆماڵی  پسپۆڕانی کەرتی کشتوکاڵ داوادەکەن حکومەتی  ھەرێمی کوردستان  زیاتر گرنگی  بەو  کەرتە بدات تاکو بتوانرێت  لە چەند  ساڵی داھاتوو ڕێژەی ھاوردەکردنی بەرھەمی کشتوکاڵی  لە وڵاتانی دراوسێ کەم بکرێتەوە.

لەپێناو گرنگیدان بە بەرھەمی ناوخۆیی کشتوکاڵ و لەگەڵ کاتی پێگەیشتنی شووتی لە ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان بە نوسراوی ژمارە 2833 لە رۆژی 19ی 5ی 2019ـەوە بڕیاریدا، باجی سەر ھاوردەکردنی شووتی ھەڵگرێت و بڕیارەکەش تا رۆژی 10 مانگی داھاتوو جێبەجێ دەکرێت. ئەمەش کاریگەريی بەرھەمی ھاوردەکراو لەسەر بەرھەم و بەروبوومی کشتوکاڵی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان کەمدەکاتەوە.

ئ. م