مالیکی و عەبادی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی بوونیان بە سەرۆک وەزیران ئاشکرا دەکەن

حکوومەتی عێراق بووەتە کاربەڕێکەر

K24 – هه‌ولێر:

حەیدەر عەبادی رەتیدەکاتەوە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاندیدبکاتەوە، یان لە دیاریکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە بەشداربێت.

دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و دەستپێكردنی هەوڵەكان بۆ دیاری كردنی کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە، حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق، رەتیکردەوە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاندیدبکاتەوە، یان لە دیاریکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە بەشداربێت.

دوێنێش نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق رایگەیاند، بەنیاز نیە خۆی بۆ سەرۆكایەتی حكوومەت كاندید بكاتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەسەند کرد و حکوومەتی عێراقیش بووەتە حکوومەتێکی کاربەڕێکەر تا ئەو کاتەی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ رادەسپێردرێت.

 H.J