پیاوێك لە نزیك دادگای ھەولێر ھاوژینەكەی كوشت

دۆسیەی لێك جیابوونەوەیان لە دادگا بوو

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پیاوێك لە نزیك دادگای ھەولێر ھاوژینەكەی خۆی كوشت. بەگوێرەی زانیارییەكان كێشە لەنێوان ئەو دوو ھاوژینە ھەبووە و بە مەبەستی لێك جیابوونەوە سەردانی دادگایان كردووە.

نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری كوردستان24 لە شوێنی رووداوەكە رایگەیاند: "بە گوتەی شایحاڵەكان ئەو دوو ھاوژینە ماوەیەكە كێشە لەنێوانیاندا ھەبووە و ئەمڕۆش بە مەبەستی جیابوونەوە لە یەكتر سەردانی دادگای ھەولێریان كردووە، لە گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێل لە نزیك دادگا پیاوەكە شەش گولـلەی لە ھاوژینەكەی داوەو دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە".

پەیامنێرمان روونیكردەوە: "ئەو دوو ھاوژینە بە مەبەستی جیابوونەوە لەیەكتر چەند جارێك سەردانی دادگایان كردووە، بەڵام ھێشتا دۆسیەكەیان كۆتایی نەھاتبوو بۆ تەڵاقدان".

گوتیشی: "دوای رووداوەكە بكوژەكە لەلایەن ھێزەكانی پۆلیس دەستگیر كراوە، تەرمی ئافرەتەكە لە پزیشكی دادی ھەولێرە و ھێزە ئەمنییەكان لەبارەی رووداوەكە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە".

ھ.م