مەسرور بارزانی رۆڵی دەستەی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی بەرز دەنرخێنێت

مەسرور بارزانی و سەرۆکی دەستەی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی کۆبوونەوە

K24 – هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە د. عەبدوڵا ئەلمەعتوق سەرۆکی دەستەی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا، کە کونسوڵی گشتی دەوڵەتی کوێت ئامادەبوو، سەرۆکی دەستەی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی، وێڕای سوپاسکردنی هەرێمی کوردستان بۆ لە باوەشگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پانابەرانی ناوخۆ و دەرەوە، پوختەیەکی لەبارەی یارمەتییە فریاگوزارییەکانی دەستەکە لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە بەهاوکاری دەزگای خێرخوازی بارزانی بەسەر ئاوارە و پەنابەرەکان دابەشکراون.

د. عەبدوڵا لەبارەی کاری دەستەکەیان رایگەیاندووە: "دەستەکەیان خزمەتگوزاری پێشکەشی ئەوانە دەکات، کە پێویستیانە، بە تایبەتی منداڵانی بێ باوک و خانەوادە بێ سەرپەرشتەکان بۆ ئەوەی لە قۆناغی پێویستییەوە بەرەو قۆناغی بەرهەمهێنان بچن".

لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەموو ئاسانکارییەک لە هەر کارێکی خێرخوازی دەربڕی و رۆڵی دەستەی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی لە دابینکردنی فریاگوزارییە مرۆییەکان بەرز نرخاند و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان سەرباری ئەو بارگرانییەی بەهۆی بڕینی بودجە و شەڕی داعش لەسەری بوو، بەڵام باوەشی بۆ ئاوارەکان کردەوە و ئەوەی لە توانایدا هەبوو بێ جیاوازی پێشکەشی کردن.

میکانیزمەکانی پەلەکردن لە پێشکەشکردن و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاکانی ژیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان و دەزگا خێرخوازییە جیهانییەکان بۆ کەمپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

H.J