فه‌توایه‌ك له‌باره‌ی نوێژی فه‌رمانبه‌ر و قوتابیان دەدرێت

لیژنەی باڵای فەتوای ھەرێم لەبارەی كۆكردنەوەی نوێژ روونكردنەوە دەدات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لیژنەی باڵای فەتوای ھەرێمی كوردستان كۆكردنەوەی دوو نوێژ و ئەنجامدانیان بەیەكەوە بۆ قوتابی و فەرمانبەران رەتدەكاتەوە، داواش لە ناوەندەكانی خوێندن و بەرپرسانی فەرمانگەكان دەكات شوێنی پێویست بۆ ئەو كەسانە دابین بكات كە دەیانەوێ نوێژ بكەن، بەو مەرجەی قوتابی و فەرمانبەران زیادەڕۆی لە كاتەكە نەكەن.

بڕیاردەری لیژنەی پەروەدە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی كوردستانیش ئاماژە بەوە دەكات، لە زۆربەی ناوەندەكانی خوێندن شوێنی نوێژ كردن بۆ ئەو كەسانە ھەیە كە مەبەستییانە نوێژ بكەن.

حەسەن موفتی، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە ھەندێك ناوەندی خوێندن و فەرمانگەكان و بازاڕیش، خەڵكێك ھەیە نوێژەكانیان كۆدەكەنەوە و بە بیانووی ئەوەی كە كاتیان كەمە، بەدواداچوونمان كرد ئەوە نابێتە پاساوی شەرعی، دەبێ نوێژەكان لەكاتی خۆیان بكرێن".

گوتیشی: "داوامان لە دامودەزگاكانی حكوومەت كردووە كە شوێن و كات بۆ ئەو فەرمانبەر و قوتابیان دابین بكەن كە نوێژ دەكەن، بە مەرجێك ئەو قوتابی و فەرمانبەرانە زێدەڕۆیی لەو كاتەدا نەكەن".

لەوبارەوە گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەری لیژنەی پەروەدە و خوێندنی باڵا دەڵێ: "لە ناوەندەكانی خوێندن قوتابی كاتی ئەوەی ھەیە كە لە پشووی نێوان وانەكان نوێژ بكات".

ئەم فەتوایەی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دوای ئەوە دێت، ژمارەیەك كەس بۆ ئەنجامدانی نوێژی نیوەڕۆ و عەسر بەیەكەوە بەھۆی زوو خۆر ئاوابوون لە وەرزی زستان داوای روونكردنەوەیان لە لیژنەی باڵای فەتوا كردبوو. لیژنەی فەتواش لە وەڵامەكەیدا ئەمە رەتدەكاتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات تەنیا ئەوانەی نەخۆشن و لە سەفەردان دەتوانن نوێژەكان كۆبكەنەوە.

ھ.م