زانیاری نوێ له باره‌ی ده‌ستگیركردنی 11 شوانكاره‌ی كورد له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه
K24 - سۆران:
شه‌وی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران، له كوێستانه‌كانی سه‌ر سنووری و له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان، 11 شوانكاره‌ی كوردیان ده‌ستگیركردووه.
ئه‌حمه‌د قادر، قائیمقامی قه‌زای چۆمان به كوردستان 24ی راگه‌یاند، ئه‌وانه‌ی ده‌ستگیركراون، ره‌وه‌ند و كۆچه‌ریین و ساڵانه له ناوچه‌كانی دیكه ده‌چنه كوێستانه‌كان بۆ له‌وه‌ڕاندنی مه‌ڕ و ماڵاته‌كه‌یان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و 11 شوانكاره‌یه له كوێستانه‌ی غه‌ڵه‌ڕه‌شان، كه سه‌ر به دێی گونده‌ژۆره، ده‌ستگیركراون و 400 سه‌ر مه‌ڕ و ماڵاتیش ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
ئه‌حمه‌د قادر، دووپاتی له‌وه‌شكرده‌وه، ئه‌وان له رێگه‌ی به‌شی ئێرانی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام دان بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كه و ئازادكردنی شوانكاره و مه‌ڕ و ماڵاته‌كانییان.
روونیشی كرده‌وه، پێشتر به‌هۆی بارودۆخی ئه‌منی، ئه‌و ره‌وه‌ند و كۆچه‌ریانه ئاگادار كراونه‌ته‌وه، نزیك سنووره‌كانی ئێران نه‌كه‌ونه‌وه، چونكه پێشتر حاڵه‌تی له‌و جۆره روویداوه.
ئ. م