"ھاووڵاتیانی عێراقی دەتوانن لەم واده‌یە بەبێ ڤیزا سەردانی ئێران بكەن"

ئێران ماوەكە دیار دەكات

K24 - ھەولێر   

بەرپرسێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشكرای دەكات، لە سبەینێ رۆژی پێنجشەممەوە، ھاووڵاتییانی عێراقی دەتوانن بۆ ماوەی 2 مانگ بەبێ ڤیزە سەردانی ئێران بكەن و سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانیش دەڵێ لە چەند كاتژمێری داھاتوودا لەبارەی ئەو بڕیارە دڵنیا دەكرێنەوە.

حوسێن شەرافەتی، یاریدەدەری پارێزگای خوراسان بۆ كاروباری ئەمنیی، بە ئاژانسی مێھری رایگەیاند: "وەكوو وەڵامدانەوەی ئەو ئاسانكارییەی وڵاتی عێراق بۆ زیارەتكارانی ئێرانی لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن كردوویانە، ھاووڵاتییانی عێراقیش لە سبەی رۆژی پێنجشەممەوە، بۆ ماوەی دوو مانگ بۆ سەردانیكردنی ئێران پێویستیان بە ڤیزە نابێت".

كوردستان24 بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیارەكە لە دەروازە سنوورییەكان، پەیوەندیی بە مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانه‌وه‌ كرد، ئەویش لای خۆیەوە گوتی: "لە میدیا ئێرانییەكاندا ئەو بڕیارە بڵاو كراوەتەوە، ئێمەش چاوەڕێ دەكەین لە چەند كاتژمێری داھاتوودا دڵنیا بكرێینەوە، ئەگەر بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت، سبەی بە كردەیی دەردەكەوێت".

ھ.م