چەندین زەویی کشتوکاڵیی لە سنووری پارێزگای کەرکووک سووتێنران

بۆمبی چێندراویش لە زەوییەکان هه‌یه‌

K24 – هه‌ولێر:

شەوی رابردوو 25/05/2019، لە چەند رووداوێکی جیادا، لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بە هۆی ئاگربەردانە دەغڵودانی جووتیاران و تەقینەوەی چەند بۆمبێکی چێنراو، دەغڵودانێکی زۆر سووتان و چەند هاووڵاتییەک و ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانیش گیانیان لە دەست دا.  

شەوی ڕابردوو، ئاگر لە بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناحیەی عەباسی سەر بە قەزای حەویجە کەوتەوە، هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان لە رێگەی چوونیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بۆمبێکی چێنراویان پێدا تەقییەوە و سێ کەس گیانیان لە دەست دا و دووانی  دیکەش بریندار بوون، هاوكات سەدان دۆنم دەغڵودانیش سووتان.

لە لایەکی دیکەوە و لە رووداوێکی هاوشێوەدا، لە سنووری گوندە کاکەییەکانی سنووری داقووق، ئاگر لە دەغڵودانی هاووڵاتییانی تورکمان بەردرا، دوای چوونی هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، بۆمبێکی چێنراو تەقییەوە و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەکی کاکەیی، کە پیشەی پۆلیس بووە، گیانی لە دەست دا و چوار پۆلیسی دیکەش بریندار بوون.

هەر لە سنووری داقووق، ئێوارەی دوێنێ دەغڵودانی جووتیارێکی کورد لە گوندی شۆراوی نزیک حەفتەغار سووتێنرا و زیانێکی زۆری پێ گەیشت.

تاکو ئێستا تەنیا رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لەو رووداوانە دەربڕیووە، کە ماوەی چەند هەفتەیەکە یەخەی جووتیارانی کوردی گرتووە.

H.J