دوو گۆڕی دیكه‌ی به‌كۆمه‌ڵی كورد له‌ سه‌ماوه‌ هه‌ڵده‌درێنه‌وه‌

171 رووفاتی گۆڕی یه‌كه‌م له‌ پزیشكی دادییه‌
kurdistan24.net

K24 - به‌غدا:

روفاتی 171 ئەنفالکراوی نێو یەکێك لەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی بیابانەکانی سەماوە رەوانەی پزیشکی دادیی بەغدا کراوە، بە مەبەستی پشکنینی DNA و پاشان رەوانەی گەرمیان دەکرێنەوە.

بەڕێوبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دەزگای شەھیدانی عێراقیش بە کوردستان 24ی راگەیاند، لە چەند رۆژی داھاتوودا دەست بە ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵکانی دیكه‌ دەكەن.

ماوەی چەند رۆژێکە 171 روفاتی ئەنفالی گەرمیانی لە پزیشكی داده‌، ئەو روفاتانە مانگی رابردوو لە نێو یەکێك لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەماوە دەھێنرانەوە، بە پێی توێکاريیە سەرەتاییەکانیش دەرکەوتووە ئێسک و پروسکی 97 ژن و 74 منداڵن.

پشکنەرەکان دەڵێن شێوازی شەھیدکردنەکەیان فیشەك نراوە بەسەری ژنەکان و بەشێك لە منداڵەکان پاشان دەستڕێژی ھەڕەمەکیان لێکراوە بۆ ئەوەی دڵنیابن کە ھەموویان گیانیان لە دەستداوە.

زه‌ید عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری پزیشكی دادی به‌غدا ده‌ڵێت: "دوای ئەوەی کە جیامان کردوە و بۆمان دەرکەوت کە تەواوی ئێسکی یەک مرۆڤە، دەست دەکەین بە لێکۆڵینەوە لە تەمەن و رەگەز و شوێنی بەرکەوتنی زیانەکەی لەشی، ئێنجا ھەوڵی دۆزینەوەی شووناسی دەدەین، یەك یەك فیشەك بە سەریانەوە نراوە و پاشان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە مردوون بە ھەڕەمەکی فیشەکیان پێوە نراوە".

ھێشتا پرۆسەی ھەڵدانەوەی دوو گۆڕی بە کۆمەڵی دیكه‌ی دۆزراوەی ئەنفال لە بیابانی شێخیەی سەماوە، دەستی پێنەکردووە، سەرۆکی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی دەزگای شەھیدانی عێراقیش دەڵێت ، بە ھۆی گەرما بەتینەکەی بیابانەکان پرۆسەکەيان راگرتبوو، بەڵام لە چەند رۆژی داھاتوو جارێکی دیكه‌، دەچنەوە سەماوە و دەست دەکەن بە ھەڵدانەوەی گۆڕەکانی دیكه‌.

زيا ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان له‌ ده‌زگای شه‌هیدی عێراق، ده‌ڵێت: "لە چەند رۆژێکی داھاتووی نزیکدا دەست دەکرێت بە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو لایەنە پەیونديدارانەی کە لە لیژنەی ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانن، تاکو نەخشەرێگای داھاتووی پرۆسەی ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان داڕێژین، چونکە ئەو شوێنەی دۆزراوەتەوە زۆر گەورەیە و زیاتر لە گۆڕێکی لێیە بۆیە ئەو بابەتە پلانێکی پێشوەختی تۆکمەی دەوێت بۆ ئەوەی مەترسیيەکانی لە بەرچاو بگرين و ھەڵەی تێدا نەکەین، کارەکەش گەورەیە و پاڵپشتی بەھێزی دەوێت".

سەرجەم ئەو روفاتانەی کە لە نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق دەردەھێنرێنەوە، لە پزیشکی دادی بەغدا، بە پشکنینی DNA  ئێسکی مرۆڤەکانی رێکدەخرێتەوە و پاشان ھەوڵی دۆزینەوەی ناسنامەکەی دەدەن، روفاتی ئەنفالکراوانیش ناسینەوەیان ئاسان بووە، چونکە جلی کوردیان لە بەرە و بەشێکیانیش ناسنامەیان لە گیرفاندا بووە.

ئ. م