ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ له‌باره‌ی رێککەوتنی پڕۆژە بودجەی 2020 و دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەکات

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان کردەوە
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/12/4 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبووەنەوەکەدا، گفتوگۆ لەربارەی دوایین دەرئەنجامەکانی گفتوگۆی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی تایبەت بە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2020 لە لایەن شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆ لە گەڵ بەغدا خرایەروو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی دانوستاندکار، جەختی لە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە داکۆکیکردنی لە ماف و شایستە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و بەو ئاراستەیەش شاندەکەی راسپارد، کە بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی تا پەسەندکردنی ئەو رێککەوتنەی لە گەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێگەی هەماهەنگیکردن لە گەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکە، بەجۆرێك کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەرچاو بگیرێت.

هەروەها کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەربارەی دۆخی کارەبای هەرێمی کوردستان و گرفت و ئاستەنگەکانی کرد.

وەزیری کارەبا، کەمال محەمەد ساڵح راپۆرتێکی بەرفراوانی بە داتا و زانیاریی پێویست لە بارەی بەرهەمهێنان و خەرجییەکانی کارەبا و کێشە و ئاستەنگەکان و سەرپێچییەکانی بواری کارەبا خستەڕوو.

هه‌رلەمبارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا هەموو هەوڵێك بخاتە گەڕ بۆ باشترکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، بۆ ئەو مەبەستەش پشتیوانی پڕۆژی پێوەری زیرەك بۆ کارەبا دەکات، بە جۆرێك كه‌ لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا بێت. رێوشوێنی تووندیش بەرامبەر سەرپێچیکاران و ئەوانەی زیادەڕۆیی بۆ سەر تۆڕی کارەبا دەکەن دەگیرێتەبەر.

H.B