سه‌رۆك بارزانی: كوردانی سۆڤییەتی پێشوو بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستانن

كوردانى وڵاتانی سۆڤیه‌تی پێشوو سەرۆك بارزانى بە جێگەی ئومێدی هەموو كوردێك وه‌سف ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، پێشوازی له‌ شاندێكی فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی كوردانی سۆڤیه‌تی پێشوو كرد و رایگه‌یاند، كوردانی سۆڤییەتی پێشوو بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستانن.

به‌ گوێره‌ی وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆك بارزانی، ڕۆژی سێشەممە 11ـی 6ـی 2019 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی كوردانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو كرد كه‌ بە سەرۆكایەتی د. كنیاز ئیبراهیم میرزایۆڤ، ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستانن.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان پیرۆزبایی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستانیان لە سەرۆك بارزانی كرد.

هاوكات سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد كە لەپێناو پاراستنی گەلی كوردستاندا خەبات و ماندووبوون و پێشمەرگایەتیی دوورودرێژی هەیە و سەرۆك بارزانیان بە جێگەی ئومێدی هەموو كوردێك لە جیهاندا وەسف كرد.

داوایشیان كرد پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كوردەكانی ڕووسیا و ئاسیای ناوەڕاست و دیاسپۆڕای كوردیی دەرەوەی كوردستان، بە هێزتر ببێت.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی شاندی میوانی كرد و ڕایگەیاند كوردانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستانن و پێگە و بایەخی تایبەتیان بۆ هەرێمی كوردستان هەیە.

وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی پڕ لە نەهامەتیی گەلی كورد ئەوەی خستەڕوو كە ئەو ئازادی و پێشڤەچوونەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە بەرهەمی خۆڕاگری خەڵك و قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.

ئ. م