رووسیا: پێویسته‌ ئه‌مه‌ریكا كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان راده‌ستی دیمه‌شق بكاته‌وه‌

پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی بیانییه‌كان له‌ سووریا

K24 – هه‌ولێر:

رووسیا داوای له‌ ئه‌مه‌ریكا كرد، كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی باكووری سووریا راده‌ستی حكومه‌تی دیمه‌شق بكاته‌وه‌.

جێگری نوێنه‌ری رووسیا له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، دمیتری پۆلیانسكی، له‌ میانی دانیشتنێكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌ دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌چوو، گوتی: پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی بیانییه‌كان له‌ سووریا.

گوتیشی: پێویسته‌ دیمه‌شق كۆنترۆڵی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان بگرێته‌وه‌ ده‌ست. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بۆ سوود له‌ داهاتیان ببینێت و ئابووری وڵاته‌كه‌ی پێ ببوژێنێته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌مه‌ریكا چه‌ند جارێك جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ هێزه‌كانی له‌ سووریا ده‌هێڵێته‌وه‌ و نه‌وتی سووریا كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن و داهاته‌كه‌ی راده‌ستی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده‌) ده‌كات.