فڕۆكه ئه‌مه‌ریكییه‌كان دراوێكى كانزايى به ئاڵاى عێراقى سه‌رده‌مى به‌عس به‌سه‌ر ناوچه سوننييه‌كاندا ده‌بارێنن
K24 - هه‌ولێر:
فڕۆكه‌ی ئه‌مه‌ریكی، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 22ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2019، بڵاوكراوه و دراوی كانزاییان له شار و شارۆچكه‌كانی پارێزگای ئه‌نباری رۆژئاوای عێراق هه‌ڵداوه‌ته‌وه خواره‌وه، دراوه كانزاییه‌كه‌ش، وێنه‌ی ئاڵای ئه‌مه‌ریكا و عێراقی سه‌رده‌می سه‌ددام حوسێنی به‌سه‌ره‌وه‌یه.
رۆژنامه‌ی "العربی الجدید"، له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی پارێزگاكه بڵاویكردوه‌ته‌وه، زۆربه‌ی ئه‌و بڵاوكراوه و دراوه كانزاییانه به‌سه‌ر شاره سه‌ره‌كییه‌كاندا هه‌ڵدراونه‌ته خواره‌وه، كه رێژه‌ی دانیشتووانی زۆره، وه‌كو رومادی، سه‌نته‌ری پارێزگاكه، فه‌للووجه، حه‌دیسه، هیت، راوه، عانه و ناوچه‌كانی دیكه، روونیشی كردووه‌ته‌وه ئه‌و دراوه كانزاییه و بڵاوكراوه كاغه‌زییانه، وێنه‌ی ئاڵای عێراقی سه‌رده‌می سه‌ددام حوسێنی به‌سه‌ره‌وه‌یه كه سێ ئه‌ستێره‌ی تێدایه، له‌گه‌ڵ ئاڵای ئه‌مه‌ریكا.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، بڵاوكراوه‌كان باس له ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی ده‌كات له نزیك پارێزگاكه و پرۆسه‌كه‌ش ناونراوه "ئۆپه‌راسیۆنی ئازادیی عێراق".
له دوای 2003ه‌وه ئاڵای عێراق گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات و سێ ئه‌ستێره سه‌وزه‌كه‌ی سه‌ر ئاڵاكه لادرا و (الله اكبر) كه به‌ختی سه‌ددام حوسێن نووسرابوو، به خه‌تێكی دیكه نووسرایه‌وه، جگه له ئاڵا نوێكه، قه‌ده‌غه‌یه ئاڵا سێ ئه‌ستێره‌ییه كۆنه‌كه‌ی سه‌رده‌می به‌عس هه‌ڵبكرێت.
فازڵ عیساوی، سه‌ركرده‌ی حه‌شدی عه‌شایه‌ری ئه‌نبار، سه‌رسوڕمانی خۆی له به‌كارهێنانی ئاڵا كۆنه‌كه له‌سه‌ر دراو و بڵاوكراوه‌كه ده‌ربڕیوه، دووپاتی له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه، ئه‌و كاره په‌یامێكی تێدایه بۆ ئه‌نبار و ته‌واوی ناوچه‌كانی باكوور و رۆژئاوای عێراق.
به پێویستیشی ده‌زانێت په‌له له بڕیاردان نه‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه و به پرسیاره‌وه باس له پرۆسه‌ی سه‌ربازی داهاتووی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، كه له‌و بڵاوكراوانه باس كراوه.
ده‌شڵێت: "بوونی ئاڵای ئه‌مه‌ریكی به ته‌نیشت ئاڵای عێراقه‌وه له‌سه‌ر دراوه كانزایی و بڵاوكراوه‌كان، نیشانه‌ی بوونی هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازییه له باره‌ی پرۆسه‌كه له داهاتوو كه هێشتا لایه‌نه‌كانیان دیار نین".
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا، فازڵ عیساوی روونیكرده‌وه، نایانه‌وێت ئه‌نبار ببێته گۆڕه‌پانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی شه‌ڕی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران، له‌كاتێكدا له په‌رله‌مانی عێراق، كار بۆ وه‌ده‌رنانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێت.
ئه‌و هه‌نگاوه له كاتێكدایه، كه هاوپه‌یمانی بنیاتنان (كه له ده‌وڵه‌تی یاسای و حه‌شدی شه‌عبی) پێكهاتووه، بۆ ئاماده‌كردنی یاسایه‌ك بۆ ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان به گشتی له عێراق و ئه‌مه‌ریكا به‌تایبه‌ت.
محه‌مه‌د كه‌ریم، په‌رله‌مانتاری عێراق له هاوپه‌یمانی بنیات، رایگه‌یاند، بوونی هێزه بیانییه‌كان له عێراق به ته‌واوه‌تی ره‌تكراوه‌یه، دووپاتیشی له‌وه كردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش به مانای ره‌تكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه.
به پێویستیشی ده‌زانێت، له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه، له نزیكترین ده‌رفه‌ت، پێداچوونه‌وه به رێككه‌وتنی ستراتیجی ئه‌منی له‌نێوان به‌غدا و واشنتن بكرێت، به‌تایبه‌تیش.
هه‌ڵدانه خواره‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ی كاغه‌زیی و دراوی كانزایی به ئاڵای عێراقی سه‌رده‌می سه‌ددام حوسێنه‌وه، له كاتێكدایه، رۆژی 15ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2019، كۆنگره‌ی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق له ویلایه‌تی میشیگانی ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه‌چووه و چه‌ند ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكاش به‌شدارییان تێدا كردووه.
ئ. م