هۆشداری لهبارهی پیسبوونی ژینگهی ھەرێمی كوردستان دهدرێت
K24 - ھەولێر
وەزارەتی تەندروستی و دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگەی كوردستان ھۆشداری لە پیسبوونی زیاتری ژینگەی كوردستان دەدەن. بە گوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی زیادبوونی نەخۆشییەكانی رەبۆ، تەنگە نەفەسی و جگەر ھۆكاری پیسبوونی ژینگەیە و پێویستی بە پاراستن و زیاتر كردنی سەوزایی ھەیە.
لە ھەرێمی كوردستان زبڵ و خاشاك، بووەتە كێشەیەكی گەورە بۆ پیسبوونی ژینگە و سرووشتی كوردستان. بە گوێرەی ئامارەكانی دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگە، جگە لە ھۆكارەكانی كیمیابارانكردنی كوردستان لە لایەن رژێمی بەعس و جەنگە یەك لە دوایەكەكانی عێراق، زۆری ئۆتۆمبێل و گەشەسەندنی پیشەسازی ھۆكاری سەرەكین بۆ پیسبوونی ژینگەی ھەرێمی كوردستان.
ھەڵۆ عەسكەری، سەرۆكی دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگە بە كوردستان24 گوت: "زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل، موەلیدەكانی كارەبا، كێڵگە نەوتییەكان، وێسگەكانی كارەبا، ئەمانە وایانكردووە كە ژینگەكەمان پیس ببێت".
دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگەی كوردستان ئاشكرایكردووە كە رۆژانە نزیكەی 7 ملیۆن لیتر بەنزین دەسووتێندرێت و 4500 موەلیدی ئەھلی لە گەڕەكاكان بوونیان ھەیە و ئەمەش ھۆكارێكی سەرەكییە بۆ پیسبوونی ژینگە. ھەروەھا وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پیسبوونی ژینگەی كوردستان نەگەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار، بەڵام ھۆشداری لە زیادبوونی نەخۆشییەكانی رەبۆ، تەنگە نەفەسی، جگەر و چەندین نەخۆشی دیكە دەدات.
خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێ: "لە دوا راپۆرتی رێكخراوی تەندروستی جیھانی ئەوە روونكراوەتەوە، 20%ی مردن بە نەخۆشی دڵ لەسەر ئاستی جیھان، ھۆكارەكەی بۆ پیسبوونی ھەوا دەگەڕێتەوە، ھەروەھا لە 43%ی توشبوون بە نەخۆشییەكانی سینگ و شێرپەنجەی سینگ، ھۆكارەكەی پیسبوونی ھەوایە. لە 24%ی مردن بەھۆی جەڵتەی مێشك ھۆكارەكەی بۆ پیسبوونی ھەوا دەگەڕێتەوە".
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە بەردەستی دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگەدان، نزیكەی ملیۆنێك و 700 ھەزار ئۆتۆمبێل لە كوردستان ھەیە، ئەوە لە كاتێكدایە رێژەی سەوزایی لە ھەرێمی كوردستان دابەزیووە بۆ لە 4% و ھۆكارەكانی پیسبوونی ژینگەش لە بەرزبوونەوەدان.
ھ.م