نێچیرڤان بارزانى و حەلبووسى دۆخى عێراق تاوتوێ دەکەن

جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیى بەردەوامیى دیالۆگى هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان كرایه‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و محەمەد حەلبووسى، سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، دۆخى سیاسى و ئەمنیى عێراقیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە پاراستنى ئارامیى سیاسى و سەقامگیریى ئەمنیى عێراق و گرنگیى بەردەوامیى دیالۆگى هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لە چوارچێوەى دەستوورى عێراقدا کردەوە.

هەردوولا کارى پەرلەمانى و یاسادانان و بابەتى بودجەى گشتیى ساڵى داهاتووى عێراق و پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى شوێنە زیانبەرکەوتووەکانى شەڕى تیرۆریان خستە باس، تیشکیان خسته‌ سەر دۆخى ئاوارە عێراقییەکان لە کەمپەکانی هەرێمى کوردستان، داهاتوویان و چۆنیەتیى گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانیان.

پەیوەندییەکانى عێراق لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و جیهان و پێشهاتە سیاسى و ئەمنییەکان و دۆخى ناوچەکە بەگشتى، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەى نێچیرڤان بارزانى و محه‌مه‌د حه‌لبووسی بوو.

ئه‌مڕۆ، پێنجشه‌ممه‌ 19/9/2019، محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، گه‌یشته‌ شاری هه‌ولێر.

H.B