عێراق.. له‌ ساڵێكدا 124 رۆژ پشووە

ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 30%ی ساڵ

K24 - هه‌ولێر:

زۆریی رۆژانی پشوو لە عێراق وای لە بەشێك لە دەسەڵاتداران کردووە هەوڵبدەن بۆ رێکخستنەوەی، كه‌ جگە لەوەی سوودی بۆ هاووڵاتیان هەیە، رێگری لەو زیانە زۆرانە دەکات کە لە ئابووری وڵاتی داوە، بەڵام ئەم کارە ئاسان نییە بە تایبەت زۆرینەی رۆژەکان ئایینی و نیشتمانین.

ئەو رۆژە پشووانە ماوە ماوە حکومەتی عێراق رایدەگەیێنێت کاردانەوەی نەرێنی هەیە لەسەر دامەزراوە حکومییەکان، بە تایبەت دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، کە راستەوخۆ پەیوەندی بە کاری هاووڵاتیانەوە هەیە.

لە ساڵی 2003ـەوە، پشووە فەرمییەکان لە 16 رۆژەوە بۆ 124 رۆژ بەرزبووەتەوە، کە 33 لە سەدای رۆژەکانی ساڵ دەکات، زۆرینەی پشووەکانی بۆنەی ئایينین و پەیوەستن بە لایەنە جیاوازەکان، ئەوانی دیکەش چەندین بۆنەی دیکە لە خۆدەگرێت.

سەرەڕای ئەوەی چەندین هەوڵ دراوە بۆ تێپەڕاندنی یاسای رۆژانی پشوو، بەڵام لایەنە حزبییەکان رەتیدەکەنەوە و کار بۆ مانەوەیان دەکەن.

دوای ساڵی 2003 چەندین پشووی ئایينی جیاواز سەریهەڵدا، بەڵام تاووتوێكردنی لەلایەن هاووڵاتیان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاسان نییە.

بەرپرسێکی حکومی دەڵێت، "ناتوانن کاریگەرییە نەرێنییەکانی رۆژانی پشوو بۆ سەر دامەزراوکانی وڵات رەتبکەنەوە، بەجۆرێك بەشێك لە دەسەڵاتداران دەیانەوێت رۆژەکان کەمبکەنەوە، بەڵام ئەنجامی نەبووە".

هاوکات هاووڵاتیان چەندین داواکاری و گازاندەيان بۆ کەمکردنەوەی رۆژانی پشوو کردووە، بەڵام بە هەر جۆرێك بێت ناتوانن زۆرینەی رۆژەکان لاببرێت، چونکە پیرۆزی و سیمبولی ئایینی و نیشتمانی لای زۆربەی لایەنەکان هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی یاساکانی حکومەتی عێراق، پارێزگاکان ئازادکراون لە راگەیاندنی رۆژی پشوو بۆ دانیشتووانیان، پارێزگاکانیش بە گوێرەی پێویست رۆژەکان رادەگەیەنن، ئەو دیاردەیه‌ش مانگ دوای مانگ بەهۆکاری جیاواز دووبارە دەبێتەوە.

ئ. م