دوو تۆمەتباری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سلێمانی دەستگیر کران

تۆمەتبارن بە تاوانی "یان وێنەکەت بڵاو دەکەینەوە یان کاری نەشیاومان دەبێت لەگەڵ بکەیت"

K24 – هه‌ولێر:

بەتۆمەتی هەڕەشە و بڵاوكردنەوەی وێنە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی بەختیاری و كوردسات لە سلێمانی دوو تۆمەتبار دەستگیر دەكەن.

پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، لەسەر سكاڵای هاووڵاتییەك مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی بەختیاری تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی سكاڵاكاری كردبوو بەوەی ئەگەر كاری نەشیاوی لەگەڵ نەكات وێنەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكاتەوە.
لە راگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی هاتووە: "لەئێستادا تۆمەتبار (ك ، م ، أ ) لەدایكبووی 1991، رەگەز نێر، بەفەرمانی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە راگیراوە و دانی ناوە بەتاوانەكەیدا.

لە دۆسیەیەکی دیدا، پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایکردووە، دوای‌ سكاڵای‌ ئافرەتێك مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ كوردسات و بەهاوكاری‌ بەشی‌ پۆلیسی نەهێشتنی‌ تاوان، نوسینگەی‌ كوردسات تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كەهەستاوە بەبڵاوكردنەوەی‌ وێنەی‌ نەشیاوی ئافرەتەكە.

ئاشکراشیکردووە، لەئێستادا تۆمەتبار (ڕ ، م ) دانیشتوی شاری هەولێر بەفەرمانی دادوەر راگیراوە و دانی ناوە بەوەدا كە لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە وێنەی نەشیاوی سكاڵاكاری بڵاوكردۆتەوە.

H.J