سوید چه‌ند بڕیارێك له‌باره‌ی په‌نابه‌ران ده‌رده‌كات
K24 - ستۆكھۆڵم
به گوێره‌ی رێككه‌وتنی چه‌ند پارتێكی سوید، هه‌ندێك رێنمایی یاسایی بۆ په‌نابه‌ران ده‌ركراون و ده‌كه‌ونه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. وه‌ك هه‌موو بڕیاره‌كانی دیكه، كه له‌سه‌ر په‌نابه‌ران ده‌درێن، هه‌ندێكیان له به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سانی په‌ناخوازن و هه‌ندێك بڕیاریش په‌نابه‌ران خۆشحاڵ ناكه‌ن.
له رێككه‌وتنه چوار قۆڵییه‌كه‌ی نێوان پارته‌كانی سۆسیال دیموكرات، ژینگه، لیبراڵ و ناوه‌ڕاستدا، كه به رێككه‌وتننامه‌ی "یانیواری" ناوده‌برێت، باس له په‌نابه‌ران و كێشه‌كانیان به روونی كراوه. به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه له سوید ده‌ژین و خێزان و منداڵه‌كانیان له وڵاتانی خۆیان ماونه‌ته‌وه، ده‌توانن به مه‌به‌ستی به یه‌كگه‌یشتنی خێزانی، بیانهێننه سوید، به‌ڵام ئه‌و یاسایه هه‌موو په‌نابه‌ران ناگرێته‌وه.
فرێدریك ماڵم، په‌رله‌مانتاری سوید له سه‌ر لیستی پارتی لیبراڵ بە كوردستان24 راگەیاند: "ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی به یاسای هێنانی خێزانی هه‌یه، ئه‌و گرووپه ده‌گرێته‌وه، كه پێیان ده‌گوترێت جێگرەوەی پێویستی پاراستن. زۆرێك له‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌و ناوچانه‌ی كه شه‌ڕیان تێدایه هه‌ڵدێن و دێنه ئێره، هه‌موو ئه‌و مه‌رجانه پڕ ناكه‌نه‌وه، كه ئه‌و یاسایه ده‌یانگرێته‌وه، به‌ڵام بۆ نموونه، ئه‌و كه‌سانه‌ی له رۆژئاواوه، یاخود له سووریاوه دێن، ئه‌وانه هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن كه بەختی زۆریان هه‌یه، ده‌توانن داوای خێزانه‌كانیان بكه‌ن و بیانهێننه ئێره و یه‌ك بگرنه‌وه".
راشیگەیاند: "من وه‌كو كه‌سێكی لیبراڵ پێموایه، منداڵ مافی خۆیه‌تی كه داهاتوویه‌كی باش و ژیانێكی ئارامی له سه‌قامگیری و ئاسایش‌دا هه‌بێت. ئه‌گه‌ر مرۆڤ بتوانێت له سوید ئه‌وه‌یان بۆ بكات، زۆر باشه".
ھەر پەیوەست بەو باسەوە ئاندێش ئۆستێربه‌ری، په‌رله‌مانتاری پارتی سۆسیال دیموكرات لە پەرلەمانی سوید بە كوردستان24 گوت: "ئه‌م یاسایه زۆر له‌مێژه باس و گفتوگۆی له سه‌ر ده‌كرێت، مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه به پێی یاسای (ئی بی ئۆ) له رابردوودا هه‌ر كه‌سێك كه ده‌هاته سوید، مافی ئه‌وه‌ی هه‌بوو شوێنی ژیانی هه‌بێ و خۆیشی ده‌یتوانی كوێی بوێ، له‌وێ بژی، به‌ڵام له ساڵی 2015 زیاتر له 100 هه‌زار كۆچبه‌ر روویان كرده سوید، ئه‌مه‌ش به‌رپرسیاریه‌تێكی گه‌وره‌ی بۆ سوید دروست كرد. بۆیه كێشه‌ی مانه‌وه و و جێگا، بۆ خه‌ڵك دروست بوو. له‌به‌رئه‌وه بڕیاری گۆڕین و ده‌ستكاریكردنی ئه‌و یاسایه، باش و پێویست بوو".
دەشڵێت: "له سوید هه‌موو كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ماڵ و شوێنی ژیانی هه‌بێ، به‌ڵام له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا بینیمان، كه هه‌ندێك له ناوچه‌كان زۆر گه‌وره نین، كه‌چی له‌و ناوچانه خه‌ڵكانێكی زۆر له ماڵی بچووك بچو‌وكدا ده‌ژین، له‌به‌ر ئه‌وه بڕیاردرا، كه هه‌موو كه‌سێك ده‌بێت ماڵ و شوێنی خۆی له هه‌رجێگه‌یه‌ك، كه لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بۆی دیار ده‌كات، بژی، ده‌نا ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌ی پێ‌نادرێت كه حكوومه‌ت بۆ بژێوی ژیان پێی دەدات".