‎گرووپێكی هونەری كوردستان لە فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی لە سنە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا

به‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شدارییان تێداكردبوو

K24 - سلێمانی:

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ڕەحمەت لەشاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، گرووپی یاران بۆ مەعنەویەت و عیرفان كە بەنوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشداربوو،  لیژنەی باڵای فێستیڤاڵه‌كه‌ پلەی یەکەمی پێ بەخشی.

‎لیژنەكە لەلایەن هونەرمەندی دیاری كورد، بێژەن كامكاره‌وه‌ سەرپەرشتی دەكرا و چەندین گرووپی جۆراوجۆر بەشداریان كردبوو.

‎گرووپی یاران، كه‌ هونه‌رمه‌ند "بیلال کەیوانی" سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، له‌ هونه‌رمه‌ندان "هێمن پێنجوێنی، رابەر کوردستانی، بڵێسە سیدرا و ئوسامە وادی" پێكهاتوون.

له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ توانیان بەنمایشە سەرنجڕاکێشەکەیان متمانەی سەرجەم ئەندامانی لێژنە بەدەستبهێنن و بوونە جێگای سەرنجی ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە و پلەی یەکەمیان به‌ده‌ستهێنا.

‎بۆ چوارمین جارە لەدوای یەک ئەم گرووپە دەبنە خاوەنی خەڵاتی باشترین گرووپی میوانی دەرەوەی وڵاتی ئێران، کە بۆیەکەمین جارە بەناوی گرووپی یاران بۆ مەعنەویەت و عیرفان، بەشداریان کردووە..

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی رەحمەت، نۆیەمین فێستیڤاڵ بوو كە ساڵانه‌ لە سنەی پایتەختی دەفی جیهان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئ. م