11 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له ئه‌نبارن
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 19/8/2018 سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له سه‌ركردایه‌تی حه‌شدی شه‌عبی پارێزگای ئه‌نبار، ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكای له كه‌رتی رۆژئاوای پارێزگاكه ئاشكراكرد.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه گوتوویه‌تی: "ژماره‌ی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه له بنكه‌ی ئاسمانی عه‌ین ئه‌سه‌د و ناوچه جۆراوجۆره‌كانی كه‌رتی رۆژئاوای پارێزگای ئه‌نبارن تا ده‌گاته هێڵی سنووری له‌گه‌ڵ سووریا، نزیكه‌ی 11 هه‌زار سه‌رباز و راوێژكارن و فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری پێشكه‌وتوو و چه‌كی قورس و مامناوه‌ند و سووكیان پێیه و ده‌توانن هه‌ر ئه‌ركێكی سه‌ربازی له پارێزگاكه جێبه‌جێ بكه‌ن كه بیانه‌وێت".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "بوونی ئه‌و هێزانه به ئاگاداریی و ره‌زامه‌ندی حكوومه‌تی عێراقه و پێگه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌وێته هێڵی سنووریی له‌گه‌ڵ سووریا بێ ئه‌وه‌ی بزانین بۆچی له‌و ناوچانه‌دان".
هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كۆنترۆڵی بنكه‌ی سه‌ربازی ته‌نه‌فی كردووه كه ده‌كه‌وێته سێگۆشه‌ی سنووریی نێوان عێراق و ئوردن و سووریا و ئه‌و ناوچانه‌ش به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانی سووریا به مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كی چه‌كدارانی داعش داده‌نرێت.