هۆکاری بانگهێشتکردنی ئەردۆغان بۆ کۆشکی سپی ئاشکرا دەکرێت

ترەمپ دوو داواکاریی لە ئەردۆغان هەیە و لە بەرامبەردا دوو گرێبەستی گرنگی لەگەڵ دەکات

K24 – هه‌ولێر:

لە ساڵی 2012 لەگەڵ کردنەوەی تاوەرەکانی ترەمپ لە ئیستانبوڵ، ترەمپ ستایشی زۆری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای کرد بە سەرۆکێکی "زۆر رێزلێگیراو لە جیهان" ناوی برد.

لە مەراسیمی کردنەوەی تاوەر و هۆتێلەکانی، سەرۆکی ئەمەریکا گووتی: "پیاوێکی باشە و نوێنەرایەتیی هەموان دەکات". هەروەها بە هاوڕێیەکی خۆی و سەرکردەیەکی گەورە ناوی بردووە.

ئەم جۆرە پەیوەندییەی نێوان هەردوو سەرۆک، لای زۆر کەس بە تاکە هۆکار دادەنرێت کە بۆچی سەرەڕای ناکۆکییە زۆرەکان، پەیوەندییەکانیان هەر ماوە و بەردەوامە.

بڕیارە سبەی چوارشەممە، لە کۆشکی سپی، ئەردۆغان ببێتە میوانی سەرۆکی ئەمەریکا و بە گووتەی سۆنەر کاگاپتای، بەڕێوەبەری پرۆگرامی توێژینەوەکانی تورکیا لە پەیمانگای واشنتن، ئەم دوو سەرۆکە حەزێکی سرووشتیان بۆ یەک هەیە چونکە هەردووکیان خۆیان بە سەرۆکێکی بەهێز دەزانن. لەگەڵ ئەمەش، ئەو تویژەرە هۆشداریی دەدات لە نهێنی پەیوەندی گەرمییان وەک دوو هاوپەیمانی ناتۆ.

هێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و تورکیای خراپ کرد، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی، ئەنقەرە هۆشدارییەکانی ئەمەریکای لە بارەی کڕینی سیستمی ئێس- 400ی رووسی پشت گوێ خست، لە بەرامبەردا، ئەمەریکا هیچ سزایەکی ئەوتۆی بەسەر تورکیادا نەسەپاند.

ئێستا لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا چەند سزایەک بۆ تورکیا ئامادە کراون و ئەوە بە تورکیا گوتراوە، ئەگەر مەترسی بۆ کوردەکان لە سووریا دروست بکات و بەردەوام بێت لە کڕینی سیستەمە رووسییەکە، سزاکانی بەسەردا دەسەپێت و جینۆسایدی ئەرمەنییەکانیش بە فەرمی دەناسرێت.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە، رۆژی چوارشەممە، ترەمپ داوا لە ئەردۆغان دەکات واز لە سیستمی ئێس-400 بێنێت و رەزامەندی نیشان بدات تاوەکو بە تەواوی پابەندی ئاگربەست لە باکووری سووریا بێت.

بە گووتەی ئەو بەرپرسە، ئەگەر ئەردۆغان بەمە قایل بێت، ئەمەریکا فڕۆکەی ئێف- 35 بە تورکیا دەفرۆشێت و رێککەوتنێکی بازرگانی بە بەهای 100 ملیار دۆلار واژۆ دەکەن.

Reuters