پۆلیسی ھەولێر ھۆشداری دەداتە ھاووڵاتیان

"داتا و زانیارییەكانیان دەبردرێن"

K24 - ھەولێر

پۆلیسی هەولێر، سەبارەت بە خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان، رێنماییان دەكات لەبارەی ھاككردن و دزەپێكردنی زانیارییەكانیان لە رێگەی ئیمەیڵ و ئەكاونتەكانیان.

لە راگەیەندراوێكدا رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: "لە ساڵی 2017دا 325 سكاڵا لەسەر خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی تۆمار كراون و، تا 31/10/2018، 119 هاووڵاتی سكاڵایان تۆمار كردووە.

راشیگەیاند: "خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە. داوا لە هاووڵاتیان دەكەین نەكەونە داوی كەسانی هاكەرەوە و سیكوریتیی ئەكاونتەكانیان پتەوتر بكەن و ئیمەیڵەكانیشیان زوو زوو بكەنەوە، چونكە لە رێگەی ئیمەیڵ و ژمارە مۆبایلەوە هاك دەكرێن و داتا و زانیارییەكانیان دەبردرێن".

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ئەوەشی خستووەتەڕوو: "هەر كاتێك كۆدی تایبەت بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ مۆبایل و ئیمەیڵەكانیان هات، پێویستە هاووڵاتیان وریا بن و كۆدەكە نەدەنە هیچ كەسێك و پاسوۆردی ئەكاونتەكانیان بگۆڕن".

ئاماژەی بەوەشكردووە: "هەندێك كەس دوای هاككردن، داوای كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە خەڵك دەكەن و لەو حاڵەتەشدا پێویستە هاووڵاتیان لە نزیكترین بنكەی پۆلیس سكاڵای یاسایی تۆمار بكەن".

رائید هۆگر جەخت دەكاتەوە: "بەو پێیەی یاسای 2ی مۆبایل ساڵی 2009 دانراوە و ئێستش ئامێرەكانی پەیوەندی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زیاتر و پێشكەوتووتر بوون، بۆیە پێویست وا دەخوازێ پەرلەمانی كوردستان ئەو یاسایە هەموار بكاتەوە و سزای توندتر بۆ ئەو كەسانە دابنرێت كە خراپ كەڵك لە ئامرازەكانی پەیوەندی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەردەگرن".