باندێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە ھەولێر دەستگیر کرا

پۆلیس زانیاری لەبارەی تۆمەتبارەكان ئاشكرا دەكات

K24 - ھەولێر

پۆلیسی ھەولێر دەستگیركردنی باندێكی راگەیاند، كە بازرگانیان بە ماددەی ھۆشبەر كردووە.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر ئاشكرای كرد: "پۆلیسی قەزای دەشتی هەولێر ئاگادار کرانەوە بە بوونی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر، پۆلیس دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم رووداوە کردەوە و توانی ناسنامەی چوار تۆمەتبار ئاشکرا بکات و دەستگیریان بکات".

موقەدەمی مافپەروەر کاروان مامەند میرانی، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای دەشتی هەولێر رایگەریاند: "ئاگادار کراینەوە بەبوونی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر، ئێمەش دۆسیەی لێکۆڵینەوەمان بۆ ئەم رووداوە کردەوە و توانیمان باندێک کە لە چوار تۆمەتبار پێکهاتبوو دەستگیریان بکەین. تۆمەتباران بەناوی (د.ر.م)، تەمەن 20 ساڵ، (ر.ر.م.)، تەمەن 28 ساڵ، (ط.ر.ع.)، تەمەن 19 ساڵ،(هـ.ا.ا.)، تەمەن 39 ساڵ، تۆمەتباران دوای دەستگیر کردنیان دانیاننا بەتاوانەکەیان، کەوا هەڵسابوون بە بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر لە جۆری (کریستاڵ، هێرۆوین) هەروەها لە کاتی دەستگیر کردنیشیان تەواوی ئامرازەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و چەند چەقۆیەک و 11 مۆبایل و بڕێک پارەیان لابووە".

پۆلیسی ھەولێر ئاماژەی بەوەشكرد: "پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم رووداوە رێکخرا و رەوانەی بەردەم بەڕێز دادوەر کرا بەڕێزیان بڕیاریدا بە بەندکردنی هەر چوار تۆمەتبار بەپێی ماددە 14ی ماددەی هۆشبەر".

باندێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە ھەولێر دەستگیر کرا
باندێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە ھەولێر دەستگیر کرا