بەرپرسێکی پارتی مەترسییەکانی سەر خانەقین و گوڵاڵە ئاشکرا دەکات

"52 گروپی جیاوازی حەشد لە ناوچەکە هەن"

K24 – هه‌ولێر:

لە سەرەتای ئەمساڵەوە داعش هەشت جار هێرشی جیاوازی لە خانەقین و دەوروبەری ئەنجامداوە و بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش هۆکارو مەترسییەکان ئاشکرا دەکات.

شێخ جەعفەر موستەفا، بەرپرسی لقی 15ی پارتی لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "گوندەکانی دەوروبەری خانەقین و گوڵاڵە (جەلەولا) باردۆخییان زۆر خراپە، داعش رۆژانە بە ناوچەکانیاندا دەگەڕێن و هەڕەشە دەکەن".

لەبارەی رۆڵی هێزە عێراقییەکان لەو ناوچەیە، ئەو بەرپرسەی پارتی رایگەیاند: "ئەو هێزانە هیچ نرخ و سوودێکیان نییە، بەڵکو بگرە هاوبەشی تاوانەکانن".

شێخ جەعفەر دەشڵێت: "نزیکەی 52 هێزی جیاوازی حەشدی شەعبی لە ناوچەکە هەن، ئەمەش جیا لە سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی، بەڵام کاتێک داعش هێرش بۆ ناوچەکان دەکات، بێ هەڵوێستن".

لەبارەی چارەسەری کێشەی ئەمنیی ناوچەکە و پاراستنی کوردەکان، بەرپرسی لقی 15 دەڵێت: "یان دەبێت دانیشتوانی ئەو ناوچانەی مەترسییان لەسەرە پڕچەک بکرێن، یاخود دەبێت هێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە ناوچەکە".

دەربارەی گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ پارێزگای دیالە، ئەو بەرپرسەی پارتی رایگەیاند: "تەنها نوێنەری هێزەکانی ئەمەریکا هاتوونەتە ناوچەکە و ئامانجیان ئەوەیە بگەڕێنەوە سەربازگەی کوبرا".

بەهۆی رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی خانەقین و گوڵاڵە کشانەوە و بەهۆیەوە بۆشایی ئەمنیی زۆر دروستبووە و مەترسی ئەوەیە هەیە کوردەکان ناچاربکرێن ناوچەکانیان جێبهێڵن.

H.J