"کوڕەی هێلکە" دەبێتە پاڵەوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

بە هێلکە هێرشی کردبووە سەر سیناتۆرێکی دژە ئیسلام

K24 – هه‌ولێر:

ئەو کوڕەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان "بە کوڕی هێلکە وەشێن" یاخود "کوڕەی هێلکە" ناسراوە و بە هێلکە هێرشی کردە سەر سیناتۆرێکی ئوستوراڵی دژە ئیسلام، وەکو پاڵەوان و رەوشت بەرز وێنا دەکرێت.

ویل کۆنۆلی تەمەن 17 ساڵ  بە هێلکە هێرشیکردە سەر سیناتۆر ئانینگ، ئەندامی پارتی نەتەوەیی نەریتپارێزی ئوستوراڵیا، کاتێک ئەو سیناتۆرە هۆکاری هێرشی سەر مزگەوتەکانی نیوزیلاند بۆ ئاینی ئیسلام و هاتنی پەنابەران گەڕاندەوە.

وێنەکانی ئەو کوڕە لەسەر شەقامەکان کێشراون و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکەسێکی بوێر ناسراوە، تەنانەت لە پەیجێکی کۆکردنەوەی پارە، پارەی بۆ  کۆکراوەتەوە تاکو سزای سەرپێچییەکەی بدات و لەوەش گرنگتر، هێلکەی زیاتر بکڕێت.

تاکو ئێستا بڕی 40 هەزار دۆلار بۆ ویل کۆنۆل کۆکراوەتەوە و لە چەند کۆنسێرتێکی گەورەی ئوستوراڵیاش، رێز و خۆشەویستی لە لایەن مۆسیقار و گۆرانیبێژەکان ئاراستەی ویل کۆنۆل کراوە؛ جیا لەوەش، تیشێرتی تایبەت بە وێنەی ئەو کوڕە ئوستوراڵییە لەبازاڕەکان بڵاوبووەتەوە.

 

حەوت گروپی گەورەی مۆسیقا بڵاویانکردووەتەوە: "کوڕەی هێلکە، مافی ئەوەی هەیە بەبێ تیکت و پارە ئامادەی هەموو کۆنسێرتەکانی ئێمە ببێت".

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، هاشتاگێک بەناوی EggBoy# دروستکراوە، هاووڵاتیان بە شێوازی جیا پشتیوانی بۆ دەردەبڕن.

لە هێرشەکەی سەر دوو مزگەوتی نیوزیلاند، 50 نوێژخوێن گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 50ی دیکەش برینداربوون.

News.com

H.J