بۆچی لە هەرێمی کوردستان چوکلێتی سکۆتلەندی زۆرترین خواستنی لەسەرە؟

هەرێمی کوردستان بووەتە کڕیارێکی گەورەی چوکلێتی سکۆتلەندی

K24 – هه‌ولێر:

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی کەناڵی بی بی سی، شیرینی و چوکلێتی سکۆتلەندی، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیان داگیرکردووە و ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە.

جەژنی قوربانە و هاووڵاتیان روو لە کڕینی شیرینی و چوکلێت دەکەن. فەرهاد حەسیب، بازرگانی شیرینی و چوکلێت لە هەرێمی کوردستان بە کەناڵی بی بی سی گوتووە: "لە جەژندا، خەڵک شیرینی لە ماڵەوە دادەنێن و دەیدەن بە میوانەکانیان، تۆفی سکۆتەلەندی (تێکەڵەیەکە لە شەکری قاوەیی کراو، دۆشاوی شەکر، کەرە و ئارد پێکدێت) زۆرترین خواستی لەسەرە".

ئەوەی لێرەدا پرسیارە بۆ لە هەرێمی کوردستان کە دوو هەزار و 600 میل لە سکتۆلەنداوە دوورە، بازرگانان ئەو جۆرە شیرینییە سکۆتلەندییە هاوردە دەکەن؟

بازرگانان لە کۆمپانیای گۆڵدن کاسکێت کە دەکەوێتە شاری گرینۆکی سکۆتلەندا شیرینی هاوردە دەکەن، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەرهەمەکانیان حەڵاڵن و بڕێکی زۆریش لە توفی و چۆکۆلاتی ئیکلایرس Chocolate eclairs تێدایە.

فەرهاد لەوبارەیەوە دەڵێت: "لە کەلتووری ئێمە، توفی و چۆکۆلاتی ئیکلایرس، دڵخوازی زۆرە. ئێمە لە بەلجیکا و پۆڵەنداش هاوردەیان دەکەین، بەڵام تۆفی سکۆتلەندا لە هەموویان باشترە چونکە نەرم ترە و جوینی ئاسانە".

تەنها کۆمپانیاکەی فەرهاد، ساڵانە 200 تۆن تۆفی و چوکلێت لە کۆمپانیای گۆڵدن کاسکێت هاوردە دەکات. بۆ ئەو کۆمپانیا سکۆتلەندییەش، لە دوای ئەمەریکا و ئیرلەندا، عێراق سێیەم وڵاتە کە زۆرترین تۆفی و چۆکۆلات هاوردە دەکات.

H.J